بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی وەتەن لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایەگەیاندووە کە حکومەتی ئێران بڕیاری ئەوەی داوە کە ڕێژەی هەناردەی نەوت بۆ سوریا تا 3 ملیۆن بەرمیلی مانگانە بەرز بکاتەوە.
ئەو سەرچاوانە بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری داوە ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە بۆ سوریا لە 2 ملیۆن بەرمیلەوە بگاتە 3 ملیۆن بەرمیل تا وێڕای پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، دیمەشق بە سەر قەیرانی وزەدا زاڵ بێت، بە تایبەت ئەوەی کە ئەمریکا دەستی بە سەر سەرچاوە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریادا گرتووە و سزای زۆریشی بە سەر گەل و حکومەتی ئەم وڵاتەدا سەپاندووە.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە لە میانەی سەردانەکەی ڕۆستەم قاسمی وەزیری ڕێگاوبان و گواستنەوەی ئێران بۆ سوریا و کۆبوونەوەی لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا سەبارەت بە بڕیارەکەی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوت وتووێژ کراوە.
لە سەردانەکەی ئەم دواییەی فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریاش بۆ تاران، ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە چاوپێکەوتنی ناوبراودا جەختیکردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پاڵپشتی لە سوریا دەکات./.