بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە میدیاییەکان ئەمڕۆ پێنج شەممە 10 ی تشرینی دووەمی 2022 ڕایانگەیاند کە تورکیا دژایەتی خۆیی بۆ داوایەکی ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە دەرکردنی سەرکردەکان، ئەندامان و کەسانی پەیوەندیدار بە بزوتنەوەی حەماس لەم وڵاتە ڕەتکردووەتەوە.
پێگەی زایۆنیستیی ئای 24 ڕایگەیاندووە کە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا سێ شەممەی ڕابردوو لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە کە ئەنکەرە لە دانوستانە دووقۆڵییەکاندا داوایەکی تەل ئەبیبی بۆ دەرکردنی سەرکردە و ئەندامانی حەماس ڕەتکردووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی کە ئێمە وەڵامی ئیسرائیلمان سەبارەت بە حەماس نەداوەتەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەم بزوتنەوەیە بە تیرۆریستی نازانین.
میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایانگەیاندووە کە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2022 بەنی گانتس وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەنکەرە داوای لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردبوو سەرکردەکانی حەماس لەم وڵاتە دەربکەن./.