بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە ناوچەکە و ترسی دوژمنان لە وەڵامی ئێران بە تایبەت لە سەر کردەوە تیرۆریستییەکەی شیراز، وتی: دوژمنان ترساون و کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە ڕێگای وڵاتانی جیاجیاوە پەیام دەدەن کە ئێمە وەڵام نەدەینەوە.
ناوبراو وتی: لەم ماوەیەدا کە دوژمنان هەوڵی ئەوەیان دەدا ئێمە لە ئامانج و ئاسۆی بەردەممان دوور بکەنەوە و تەنیا چاومان لە سەر ناوخۆ بێت بنکەی گرووپەکانی دژبەری شۆڕشمان لە هەرێمی کوردستان تێکشکاند، مانۆڕێکی گەورەی سەربازیمان لە ناوچەی ئەرەس بەڕێوەبرد، مانگی دەستکردمان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، سیستەمی بەرگری ئاسمانیمان بە توانای 300 کیلۆمەترییەوە تاقیکردەوە و چەند ڕۆژی ڕابردووش ئاشکرامان کرد کە مووشەکێکمان بەرهەم هێناوە کە هیچ سیستەمێکی بەرگری توانای ڕوبەڕوبونەوەی نییە./.