بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی وتی: عێراق هەوڵ دەدات نرخی نەوت 100 دۆلار تێپەڕ نەکات و هێندەش دانەبەزێت کە کاریگەریی لە سەر بازاڕ هەبێت.
سودانی ڕایگەیاند کە عێراق دووەم وەبەرهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپێک و پاش چەندین دەیە شەڕ و سزاکان و کردەوە تیرۆریستییەکان هەوڵ دەدات داهاتەکەی زیاتر ببێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: پشکی عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپێک دەبێت زیاتر بێت و بۆ ئەمەش دانوستان لە گەڵ لایەنەکانی دیکەدا دەکرێت.
بە پێی ڕاپرسییەکی ئاژانسی بلۆمبێرگ، وەبەرهێنانی نەوتی ئۆپێک پاش بەڵێنەکەی ئۆپێک پڵەس بۆ دابەزینی ڕێژەی وەبەرهێنان و سەقامگیریی بازاڕ، لە مانگی تشرینی یەکەم وەک خۆی مایەوە. وەبەرهێنانی عێراق گەیشتە 4 ملیۆن و 570 هەزار بەرمیک کە کەمتر لەو ڕێژەیە بووە لە ڕێکەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆی دیاری کراوە.
محەممەد شیاع سودانی وتی: عێراق دەیەوێت پشکی خۆی لە وەبەرهێنانی نەوت زیاتر بکات و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ چالاکی لە بواری نەوت و غاز هان بدات.
ناوبراو وتی: حکومەتی عێراق پابەندەی سەرجەم گرێبەستەکانی پێشووە لە گەڵ کۆمپانیا و وڵاتانی دیکە./.