بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناکۆکییە نەوتییەکان بەردەوام یەکێک لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق بووە، ناکۆکییەکەش لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ بەنایاسایی ناوبردنی چالاکییە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم گەیشتە لوتکە.
بەرپرسێکی عێراقی ئاشکرای کردووە کە حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی دەیەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆتایی بەم ناکۆکییە لە گەڵ هەرێمی کوردستان بێنێت.
گۆڤاری نیوز 360 لە سەر زاری ئەو بەرپرسە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە لە ماوەی 6 مانگدا دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە ناکۆکییە نەوتییەکان بە ئەنجام بگات.
ڕاشیگەیاندووە کە حکومەتی عێراق ئامادەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانە و بڕیارە یاسای نەوت و غازیش ئامادە و بۆ پەسەندکردن ڕەوانەی پەرلەمانی بکرێت.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق، پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز دەتوانێت کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە بواری وزەدا بێنێت.
پێشتریش بەڕێوەبەری گشتی بەشی یاسایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندبوو کە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە سەر دۆسیەی نەوت بە پێی پلانی کابینەی نوێ لە ماوەی 6 مانگدا چارەسەر دەکرێت.
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندووە کە بە پێی ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق، دەبێت لە ماوەی 6 مانگدا سێ یاسای گرنگ پەسەند بکرێت کە یەک لەوان یاسای نەوت و غازە./.