بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەراق لە شارەکانی سەر ڕێگای مێژوویی ئاورێشم بووە، لە بەر ئەوەی کە لە سەر ڕێگای شارە گەورەکانی وەک کاشان، ئەسفەهان، ئەراک و هەمەدان بووە، وەک یەکێک لە ناوەندەکانی بازرگانیی ئەو سەردەمی ئێران ناوبانگی هەبووە.
بازاڕی نەراق بە شەمس سەلتەنە ناسراوە کە لە سەدەی 13 ی کۆچی مانگی درووست کراوە. لە کۆمەڵەی بازاڕ و کاروانسەرای نەراق ئاسەواری بیناسازیی سەردەمی قاجاڕ دەبینرێت.
مێژوو
مێژووی ئەم کۆمەڵە گەشتیاری و مێژووییە بۆ زیاتر لە 120 ساڵ دەگەڕێتەوە و دامەزرێنەرەکەشی کەسێک بە ناوی محەممەد نەراقی لە کەسایەتییەکانی سەردەمی قاجاڕ بووە کە بە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی ئەو سەردەمە هەژمار دەکرا. پاش مردنی ناوبراو وەک میراتێک گەیشتە کچەکەی بە ناوی شەمس سەلتەنە و بیناکەشی کردە وەقفی خوێندنئی منداڵانی هەژار.
بازاڕ
بازاڕی شەمس سەلتەنە باشترین بەڵگەیە لە سەر گەشەی چالاکییە بازرگانییەکانی شاری نەراق. بازاڕەکە لە چەندین شوێنی وەک بازاڕ، چوار سوق، شوێنی مانەوەی بازرگانەکان و کاروانسەرا پێکهاتووە. درێژایی بازاڕەکە 200 مەترە. بەشی مانەوەی بازرگانەکان بە سەرای مەعاون ئەلمولک ناسراوە کە باشترین شوێنی بازاڕەکەیە. کاری هونەرمەندانی ئەو سەردەمەی نەراق لە درووستکردنی ئەم بینایەدا هێشتا سرنجی خەڵک ڕادەکێشێت.
کاروانسەرا
کاروانسەرای بازاڕی نەراق لە دوو نهۆم پێکهاتووە، نهۆمی یەکەم شوێنی مانەوەی چوارپێکان و نهۆمی دووەم شوێنی مانەوەی بازرگانەکان بووە. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی نەراق لە ڕێگای خزمەتگوزاری بە بازرگان و کاروانییەکان بژێوی خۆیان دابین دەکرد. دەوترێت کە لەو سەردەمەدا بۆ ئەم مەبەستە 15 نانەواخانە کرابووە کە ئەمەش بەڵگەیە لە سەر گەشەی بازرگانی و گەشتیاریی شارەکە./.