بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد کازم ئالی سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا لە گەڵ زیاد عەلی فازڵ وەزیری کارەبای عێراق سەبارەت بە هاوردەی غاز و پێکەوەبەستنی تۆڕی کارەبای هەر دوو وڵات کۆبووە.
وەزیری کارەبای عێراق لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە ڕێکەوتنە ستراتیژییەکان بە تایبەت هاوردەی غاز بۆ چالاکی وێستگەکانی وەبەرهێنانی کارەبا و پێویستی بەردەوامی ئەم هاوکارییە و پابەندبوون بە بەڵێنەکان لە گەڵ باڵیۆزی ئێران وتووێژی کرد.
زیاد عەلی فازڵ وتی کە ئێمە ئەزموونی سەرکەوتوومان لە چالاکی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە هەر دوو وێستگەی غازی سەدر و حەیدەرییە هەیە و هەوڵ دەدەین ئەم هاوکارییە هاوبەشە لە بواری کارەباش زیاتر بکرێت.
باڵیۆزی ئێرانیش پەیامی وەزارەتی وزەی گەیاندە وەزیری کارەبای عێراق و وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی لە سەرکەوتنی حکومەتی عێراق لەم کەرتەدا دەکات./.