بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد نوری ئۆرسوی وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتیاریی تورکیا ڕایگەیاند کە داهاتی کەرتی گەشتیاریی ئەم وڵاتە لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 68 زیادی کردووە و گەیشتووەتە 35 ملیار دۆلار.
ناوبراو لە میانەی بەشداریی لە کۆبوونەوەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی تورکیا وتی کە مامناوەندی تێچووی هەر گەشتیارێک لە تورکیا شەوێک 90 دۆلار بووە.
ئۆرسوی وتی کە تورکیا لە بواری گەشتیاریدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕێکلامی خۆی دەکات.
وەزیری گەشتیاریی تورکیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ساڵی 2021 سەرەڕای ئاستەنگەکانی کۆرۆنا، چوارەم وڵاتی جیهان لە ڕاکێشانی گەشتیاران بووە.
وتیشی کە لە 9 مانگەی سەرەتای ئەمساڵ 40 ملیۆن و 250 هەزار گەشتیار سەردانی تورکیایان کردووە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 87 زیادی کردووە.
محەممەد نوری ئۆرسوی وتی کە داهاتی 9 مانگەی گەشتیاریی تورکیا 35 ملیار دۆلار بووە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 68 زیادی کردووە.
وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتیاریی تورکیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕاکێشانی 50 ملیۆن گەشتیار بە داهاتی 44 ملیار دۆلاریی وەک ئامانجێک لە ساڵی 2022 دیاری کردووە./.