بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالی ئێسحاق سەبارەت بە دوایین دۆخی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق وتی: ڕاپۆرتی تایبەت بە هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق ساڵانە لە ئاماری هەناردە لە لایەن گومرکەوە ئاماژەی پێ دەدرا بەڵام ئەمساڵ ئەوە نەکراوە، هەر بۆیە ئاماری بازرگانیی دەرەکی ئێران بۆ عێراق پیشان دەدات کە ڕێژەی هەناردەی ئێمە بۆ عێراق دابەزیوە.
سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق وتی: بەڵام لە نیوەی دووەمی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی، ئاماری هەناردەی غاز هاتووەتە ئاماری هەناردەی ئێران بۆ عێراق بە گشتی و بەم پێیەش لە ئاماری هەناردەی نیوەی دووەمی ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی بەراورد بە نیوەی یەکەم گەشە دەبینرێت.
ناوبراو وتی: دابەزینی ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق تا ڕادەیەک پەیوەندی بە سنوردارکردنی هاوردەی هەندێک کاڵا و بەرهەم لە لایەن حکومەتی بەغداوە هەیە بەڵام بە گەشەی هەناردە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ، دابەزینی ڕێژەی هەناردەی ئێمە بۆ عێراق لە نیوەی یەکەم قەرەبوو دەکرێتەوە.
ئالی ئێسحاق وتی: بەم پێیەش پێشبینی دەکرێت هەناردەی ئێران بۆ عێراق تا کۆتایی ساڵ بگاتە 10 ملیار دۆلار.
سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق وتی: بازاڕی عێراق بازاڕێکی ستراتیژییە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتە تا 20 ملیار دۆلار لە ئارادایە، عێراق تا 10 ساڵی داهاتوو لە بواری ئابوریدا گەورەترین بازاڕە بۆ چالاکوانانی ئابوری لە ناوچەکە و بە تایبەت ئێران، هەروەها عێراق لە ڕووی داراییەوە وڵاتێکی لاواز نییە و پلانی ئەوەی هەیە لە ڕێگای هەناردەی نەوتەوە ئەمساڵ داهاتی 120 ملیار دۆلاریی هەبێت./.