بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان بە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان لە جیهان دادەنرێت و بووەتە کێشەیەکی سەرەکی و پلە یەکیش بۆ وڵاتانی جیهان، لە گەڵ ئەمەش تا ئێستا سیاسەتە ئابوری و داراییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان ئەنجامێکی نەبووە.
ڕێکخراوی فائۆ ڕایگەیاندووە کە بەرزبوونەوەی نرخی مادە خۆراکییەکان پێش شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە بەڵام پاش ئەو شەڕە زیاتر بووە، بەرزبوونەوەی نرخی وزە و سووتەمەنیش بە هۆی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لە دژی ڕووسیا بووە.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، قەیرانی کۆرۆنا، دابەزینی ڕێژەی هەناردەی وڵاتان و هەوڵی وڵاتانی بەکارهێنەر بۆ پاشەکەوتکردن و هاوردەی زیاتر، لەو هۆکارانە بوون کە نرخی مادە خۆراکییەکانیان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو بەرزتر کردووەتەوە.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان لە وڵاتانی جیهان وایکردووە کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان پێشبینی ئاسۆیەکی گەش بۆ ئابوریی وڵاتانی پێشکەوتوو نەکەن، بە شێوازێک کە بە پێی ڕاگەیاندنی سندۆقی نێودەوڵەتی دراو، ئەمریکا و ئەورووپا کەمترین ڕێژەی گەشەیان لە ساڵی داهاتوو دەبێت.
هەوڵی وڵاتان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرانی بە سیاسەتە ئابوری و داراییەکانیش ئەنجامێکی نەبووە و تەنانەت دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ئەم سیاسەتانەیان بە هەڵە ناو بردووە.
سندۆقی نێودەوڵەتی دراو لە ڕاپۆرتێکدا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم وڵاتانە بە هەر شێوازێک هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵئاوسان دەدەن بەڵام ئەم سیاسەتە هەڵەیە تەنیا قەیرانەکە زیاتر دەکات و ئەمەش لە وڵاتانی ئەورووپی لە ئێستادا بەدی دەکرێت.
ئەو سندۆقە پێشبینی ئەوەیکردووە کە بەهاری ساڵی داهاتووش ئاماژەکانی ئەم قەیرانە لە ئەمریکا زیاتر دەرکەوێت و ژمارەی ئەو وڵاتانەی ئەورووپاش کە قەیرانەکە بەرۆکیان دەگرێتەوە، زیاتر دەبێت.
ڕەنگە ئەو وڵاتانە بۆ ڕێگری لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک پەنایان بۆ سیاسەتی وەها بردبێت کە ئەمەش سەرکەوتوو نەبووە.
ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە نرخی دانەوێڵەکانی وەک گەنم و گەنمەشامی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لە سەدا 200 بەرز بووەتەوە و ئەمەش بەردەوامە.
پێدەچێت کە ئابورییە پێشکەوتووەکان لە کێشەکانی تایبەت بە کۆنتڕۆڵکردنی نرخی مادە خۆراکییەکان و هەروەها سووتەمەنی ماونەتەوە و پلانێکی ڕوونیان بۆ دەربازبوون لەم کێشانەش نییە، دەتوانین بڵێین کە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا زیاتر لەم دوو وڵاتە زیانی بە ئەمریکا و ئەورووپا گەیاندووە، ئەوەش کە ڕوون بووەتەوە، بەسراوەیی وڵاتانی ئەورووپییە بە وزەی ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست./.