بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مامۆستا عومەر عەبدولکەریم لەدایکبووی ناوچەی گەرمیان و ناوەندی کەلارە کە مەڵبەندی تاوانەکانی مونافقینە لە ساڵی 1991، هاوکات نووسەر و وەرگێڕە و لە بواری ئەدەبدا ماستەری هەیە.
ناوبراو لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: بێگومان ڕێکخراوی تیرۆریستیی مونافقینی ئێران ڕۆڵی بەرچاوی لە سەرکوتکردن و شەهیدکردنی خەڵکی بێ تاوانی کوردستان بە تایبەت لە ناوچەی گەرمیان و شاری کەلار هەبووە، ئەوەش بە هاوکاری ڕژێمی بەعس و تانک و زرێپۆشەکانی لە ساڵی 1991 کراوە کە هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر خەڵکی سڤیلی ناوچەکەمان و ژمارەیەک لە خەڵکیان شەهید و بریندار کرد.
ئەو مامۆستا ئائینییە وتی: بەڵام دوا جار لە لایەن خەڵک و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە بەرپەرچی هێرشەکان درایەوە و زۆرێک لەو تیرۆریستانە کوژران و تانک و زرێپۆشەکانیان سووتێندرا.
مامۆستا عومەر عەبدولکەریم سەبارەت بەوەی کە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا چاویان بە ڕووی ئەو هەموو تاوانەی ڕێکخراوی مونافقین داخستووە، وتی: هاوڕام لە گەڵ ئەوەی هەمیشە بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سیاسەتێکی دووفاقی پەیرەو دەکەن و هەوڵی مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن و لەو پێناوەدا خەڵکانی دیکە دەکەنە قوربانی، بە تایبەت بەرامبەر بە ئێمەی کورد، چ ئەو کاتەی کە مونافقین وەک دارەدەستی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو پەلاماری ئێمەی کوردی دەدا و چ ئێستاش کە تیرۆریستانی داعش مەترسین بۆ سەر ژیانی ئێمە.
ناوبراو وتی کە ئێمە هەموو کات ستەممان لێکراوە و وڵاتانی ڕۆژئاواش چاویان بە ڕووی ئەو هەموو تاوانەدا داخستووە، هەروەها هەندێک لەوان پاڵپشتی تیرۆر دەکەن و هاوکاری دارایی و لۆجستی بۆ ڕێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکان دابین دەکەن و ئەوەش لوتکەی دووفاقیی وڵاتانی ڕۆژئاوایە./.