بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خواردنە خێراکان سوود و زیانیان هەیە بەڵام سوودەکانی لە بەرامبەر زیانەکانی هیچ نییە و زیانەکان ئەوەندە زۆرە کە ئامۆژگاری نەخواردنیان دەکرێت.
هەندێک لە سوودەکانی خواردنە خێراکان:
بە شێوەیەکی ئاسان ئامادە دەکرێن.
کاتێکی کەمتریان دەوێت بۆ ئامادەبوون.
بەتام و سەرنج ڕاکێشن.
زیانەکانی خواردنە خێراکان:
گرفتی بیرچوونەوە
زیادەڕۆییکردن لە خواردنە خێراکان دەبێتە هۆی لەبیرکردنی یادەوەری، هەروەها زیادەڕۆییکردن لە خواردنی خواردنە چەور و پڕ شەکرەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاتێکی زۆرت بوێت بۆ فێربوونی بابەتێک، سەرنج کەم دەکاتەوە، زیادەڕۆییکردن لە خواردنی ئەم جۆرە خۆراکانە کار دەکاتە سەر ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسیارە لە فێربوون.
دەبنە هۆی نەخۆشی درێژخایەن لە دڵ
خواردن و خواردنەوەکانی وەک سۆدە، کۆلا، پیتزا و پەتاتەی سورکراو کە ڕێژەیەکی زۆر لە شەکر و چەوری زیانبەخشیان تێدایە، دەبنە هۆی مەترسی توشبوون بە نەخۆشی درێژخایەن.
حەزی خواردن کەم دەکاتەوە
بەکارهێنانی خواردنە خێراکان جەستە بێ بەش دەکات لەو بەها خۆراکییانەی کە پێویستیەتی، هەروەها حەزی خواردن کەم دەکاتەوە، لە بەر ئەوەی کە لە پاش خواردنیان بۆ ماوەیەکی درێژ هەست بە برسێتی ناکەیت.
دەبێتە هۆی خەمۆکی
توێژینەوەیەک ئەوەی دەرخستووە کە ئەو کەسانەی خواردنە خێراکان بە ڕێژەیەکی زۆر دەخۆن زیاتر ئەگەری توشبوونیان هەیە بە خەمۆکی بە بەراورد بەو کەسانەی کە کەمتر ئەو جۆرە خواردنانە دەخۆن.
زیادبوونی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە
توێژینەوەیەک ئەوەی دەرخستووە کە خواردنە خێراکانی وەک فلافل، پەتاتەی سوورەوکراو و چپس هۆکارن بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن، ئاماژەی بەوەش داوە کە خواردنی پەتاتەی سوورەوکراو و لەفەی مریشک چەند جارێک لە هەفتەیەکدا مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاتر دەکات.
کاریگەری لە سەر پێست
توێژینەوەیەک ئەوەی پیشان داوە کە بەکارهێنانی خواردنە خێراکان بۆ زیاتر لە 3 جار لە هەفتەیەکدا هۆکارە بۆ توشبوون بە ئەگزیما لە نێو منداڵ و مێرمنداڵەکاندا.
چەند زیانێکی دیکە
خواردنی ناتەندرووست هۆکارە بۆ توشبوون بە بەرزی فشاری خوێن و دروستبوونی گرفت لە ددان و ئێسکدا بە هۆی ئەوەی کە ڕێژەیەکی زۆر لە شەکر و خوێیان تێدایە، هەروەها هۆکارن بۆ توشبوون بە شەکرە و زیادبوونی کێش./.