بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بۆ ئاشنایەتی لە گەڵ ئەم بینا مێژووییە دەبێت سەردانی گەڕەکی کۆنی بوشەهر بە ناوی کوتی بکەین. بینایەکی 4 نهۆمی و جوان کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی قاجاڕ دەگەڕێتەوە و مۆزەخانەی مێژووی پزیشکیی کەنداوی فارسی تێدا کراوەتەوە. بیناکە نەک تەنیا لە ڕووی شێوازی درووستکردنەوە تایبەتمەندی هەیە، بەڵکوو خەڵکیش لە گەڵ مێژووی پزشکی و جۆری نەخۆشییەکانی ڕابردوو، شێوازی چارەسەرکردنیان و کەرەستە و پێداویستییە پزیشکییەکان ئاشنا دەکات.
بیناکە لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی غوڵام حوسێن دهدەشتی کراوەتەوە و بە پێی ئەوەی کە سەرقاڵی بازرگانیکردنی ڕۆن (زەیت) بووە بە ناوی بینای ڕۆنیش دەناسرێت. خاڵی گرنگ ئەوەی کە لەم بینایەدا کەلوپەل و بەڵگەی مێژوویی و بازرگانیی زۆر دۆزراوەتەوە کە لە ئێستادا لە لایەن ڕێکخراوی میراتی کەلتورییەوە پارێزراون. مێژووی هەندێک لەو بەڵگانە بۆ 200 ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.
بیناکە لە ساڵی 1377 ی کۆچی هەتاوی (1998) لە لایەن ڕێکخراوی میراتی کەلتوری، پیشەسازی دەستی و گەشتیاریی پارێزگای بوشەهر نۆژەن کراوەتەوە و ئەمڕۆ وەک بینایەکی مێژوویی و مۆزەخانەیەکی سەرنجڕاکێش پێشوازی لە میوانان و گەشتیاران دەکات.
شێوازی درووستکردنی ئەم بینایە هاوشێوەی درووستکردنی بینای ناوچەکەیە. بە پێی ئەوەی کە زۆربەی بیناکانی ئەو سەردەمەی بوشەهر دوو یان سێ نهۆم بوون، بینای دهدەشتی کە لە 4 نهۆمدا درووست کرا بووە جێی بایەخی خەڵک و وەک یەکەم بینای 4 نهۆمیی بوشەهر کەوتە سەر زمانی خەڵک.
کاتێک دەگەنە بیناکە، سەکۆیەک دەبینن کە ئەوانەی سەردانیان دەکرد تا کردنەوەی دەرگاکەی لەوێدا چاوەڕوان دەبوون و لە سەری دادەنیشتن.
ڕەنگی سپی بیناکە سەرەتا سەرنجی سەردانیکەرانی ڕادەکێشێت، دەوترێت ئەمەش بۆ کەمبوونی کاریگەری تیشکی خۆر لە سەر بیناکە کراوە و شێوازێکە بۆ بە فێنکی هێشتنەوەی خانووەکە.
لە خاڵە گرنگەکانی دیکەی ئەم بینایەش دەتوانین ئاماژە بە بوونی ژمارەیەکی زۆر دەرگا و پەنجەرەی ڕەنگاوڕەنگ بدەین کە تەنانەت شوشەکانیشی ڕەنگین و شێوازی درووستکردنیشی گرنگە.
بینای دهدەشتی میوانداری لە مۆزەخانەی نێودەوڵەتی مێژووی پزیشکیی ئێران دەکات کە وەک دووەم مۆزەخانەی پزیشکیی ئێران لە ئەنجومەنی نێودەوڵەتی مۆزەخانەکاندا تۆمار کراوە و لە لایەن زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی بوشەهر بە بەشداری ڕێکخراوی میراتی کەلتوری بەڕێوە دەبرێت. ئەم کۆمەڵەیە زانیارییەکی گرنگی لە بواری پزیشکیدا هەیە و دەرفەتی ئاشنابوون لە گەڵ ڕەوتی گۆڕانکارییە پزیشکییەکان لە ئێرانی کۆنەوە تا سەدەی هاوچەرخ دابین دەکات. ئاسەوار و زانیارییە پزیشکییەکان لە سەردەمی ئێرانی کۆنەوە لە سەردەمی عیلامییەکان تا شارستانیەتی ئیسلامی، سەفەوییەکان، قاجاڕەکان و سەردەمی هاوچەرخی پاڵەوی و کۆماری ئیسلامی ئێران نمایش کراون./.