بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە درێژەی هەڕەشەی بەرپرسانی ئەنکەرە سەبارەت بە دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی وشکانی بۆ سەر باکوری سوریا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وتی کە هێرشە ئاسمانییەکان لە دژی گرووپە کوردییەکانی سوریا تازە دەستیپێکردووە.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە لە میانەی چاوپێکەوتنی ئەندامانی پارتی داد و گەشەپێدان لە پەرلەمانی تورکیا، وتی: سەرجەم ئەو کەسانە دەدۆزینەوە کە دەستیان لە تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵدا هەبووە و سزایان دەدەین، تورکیا لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگ نابێت و حزبە لایەنگرەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان دەناسێت.
ئەردۆغان وتی: تورکیا مافی خۆیە ڕوبەڕوی کێشەکانی لە باکوری سوریا ببێتەوە، ئەو لایەنانەش کە بەڵێنی ئەوەیاندا تورکیا لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوانەوە نەکرێتە ئامانج، پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان نەبوون.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتی کە ئەوەی لە باکوری سوریا دەیکەین بۆ پاراستنی ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە و عێراقە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی: هێرشە ئاسمانییەکان لە دژی گرووپە کوردییەکانی سوریا تازە دەستیپێکردووە و لە کاتێکی گونجاویشدا هێرشە وشکانییەکان دەست پێدەکات./.