بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژە بە ئاژاوەگێڕییەکانی دوو مانگی ڕابردوو و پیلانگێڕی دوژمنانی گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: لە ماوەی ڕابردوو دەستێوەردانە دەرەکییەکان گەیشتە لوتکە، لە وەزارەتی دەرەوە بەردەوام لە گەڵ ئەو وڵاتانەی بوونە سەرچاوەی هاتنی تیرۆریستان بۆ ئێران لە پەیوەندیدا بووین، لە هەرێمی کوردستان ناوەندە تیرۆریستی و دژبەرەکانی شۆڕش کەوتنە چالاکی و چەکی ئەمریکی و ئیسرائیلی گەیشتە ناوخۆی وڵات.
ناوبراو وتی: لە هەشت هەفتەی ڕابردوو لە دوو قۆناغدا لە بەغدا و تاران لە گەڵ شاندی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە و گەیشتینە چەند ڕێکەوتنێک، دۆستانی عێراقی بەڵێنی ئەوەیان داوە کە چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکان ڕابگرن و لەو ماوەی ڕێکەوتنمان لە سەر کردووە، چەک بکرێن.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: وتووێژەکانی ئێمە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان لە گەڵ عێراق بەردەوامە و کاتێک هێزە چەکدارەکانی عێراق لە سنورە هاوبەشەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان جێگیر بن و ئاسایشی ئەم سنورانە دەستەبەر بکەن، پێویستمان بەوە نابێت کە بمانەوێت بۆ بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی خۆمان هەنگاوێک بنێین، بەڵام ئەگەر هەڕەشەیەک لە لایەن وڵاتێکی دراوسێوە لە دژی ئێمە بوونی هەبێت، هێزە چەکدارەکانی ئێران بەوپەڕی ئامادەییەوە درێژە بە هەنگاوە سەربازییەکانی خۆیان دەدەن، ئێمە لە دەزگا دیپلۆماسی و ئەمنییەکانی وڵات بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە درێژە بە وتووێژەکان لە گەڵ بەرپرسانی عێراقی دەدەین./.