بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەیمەن سوسان جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە 23 ی تشرینی دووەمی 2022 لە کۆبوونەوەی ئاستانە ڕایگەیاند کە سوریا بە هۆی سیاسەتی داگیرکاریی ئەمریکاوە زیانی بەرکەوتووە و جەختیکردەوە کە بیانووەکانی داگیرکارانی تورکیا بۆ سیاسەتەکانیان لە سوریا، چیدی ناتوانێت کەس فریو بدات.
ناوبراو سەبارەت بە ئەمریکا وتی: حکومەتی ئەمریکا سەرجەم درۆ، پڕوپاگەندە، زانیاری نادرووست و بیانووی ساختە لە میدیاکانی خۆی بەکار دێنێت و تیرۆریستانی لە زیاتر لە 90 وڵاتی جیهانەوە بۆ کوشتنی خەڵک و لەناوبردنی دەسکەوتەکان و سەرچاوەکان وەک دزینی نەوت و گەنم هێناوەتە سوریا.
ئەیمەن سوسان وتی: بوونی نایاسایی هێزە دەرەکییەکان لە خاکی سوریا بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت و بە ئامانجی ڕێگری لە دابینکردنی سەقامگیری لە سوریا، لەناوبردنی دەسکەوتەکانی دیمەشق لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و ئاستەنگ خستنە بەردەم پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی ئێمەیە و دەبێت دەستبەجێ بە کۆتایی بگات.
جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا وتی: داگیرکاریی ئەمریکا و تورکیا کە گرنگترین نموونەکانیشی پاڵپشتییە لە تیرۆر و پچڕاندنی تۆڕی ئاوی دانیشتووانی حەسەکە، بە تاوانی شەڕ لە دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت و پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی تێدا بە ڕوونی دەبینرێت./.