بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاریگەری سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ڕووسیا لە عێراق و لەو بەشانەی کە هەر دوو وڵات پێکەوە هاوکاری دەکەن، ئاشکرا دەبێت، بە تایبەت کەرتی نەوت و گرێبەستە سەربازییەکان کە گرنگییەکی زۆری بۆ دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە دەبێت.
بە پێی وتەی مەکیسم مەکسیمۆف باڵیۆزی پێشووی ڕووسیا لە بەغدا، کۆی گشتی سەرمایەگوزارییەکانی ئەو وڵاتە لە کەرتی وزەی عێراق نزیکەی 13 ملیار دۆلارە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا بە جیدی بۆ گەیشتن بە دەرفەتەکان لە کەرتی نەوت و غازی عێراق هەوڵ دەدەن.
یەکێک لە گرنگترین کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا کە لە ئێستادا لە عێراق چالاکی دەکات، کۆمپانیای لوک ئۆیلە و هەروەها کۆمپانیای گازپرۆم کە لە سەدا 40 ی کێڵگەی نەوتی بەدرەی لە پارێزگای واست لە ئەستۆیە.
هەروەها کۆمپانیای نەوتیی ڕوسنەفت لە هەرێمی کوردستان چالاکی دەکات و پشکی گەورەی لە هێڵی بۆری نەوت، بە تایبەت بۆری هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا هەیە.
پێدەچێت کە سزا نێودەوڵەتییەکان و دەرنەکردنی عێراق لەو سزایانە لە لایەن ئەمریکاوە، وەک ئەوەی کە بۆ هاوردەی غازی ئێران بۆ عێراق کراوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە هەر دوو وڵاتی عێراق و ڕووسیا بیر لە دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ پێدانی مافە داراییەکانی کۆمپانیاکانی ڕووسیا و هەروەها تێچووی گرێبەستە سەربازییەکان بکەنەوە.
لەو چوارچێوەدا ئەلبرۆس کوتراشۆف، باڵیۆزی ڕووسیا لە بەغدا بانکی ناوەندیی عێراقی بەسەرکردووەتەوە و لە گەڵ مستەفا غالب مەخیف سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەم وڵاتە کۆبووەتەوە و سەبارەت بە قەرزی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە کەرتی نەوتی عێراق وتووێژی کردووە.
نەبیل مەرسومی مامۆستای بەشی ئابوری لە زانکۆی بەسرە، دانەوەی قەرزەکانی ڕووسیای بە کێشەیەکی گەورە بۆ عێراق ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەستەمە هاوشێوەی دەرکردنی ناوی عێراق لە سزاکانی ئێران، بۆ ڕووسیا ئەمەش ڕوو بدات.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکانی ڕووسیا لە عێراق تەنیا لە ڕێگای پێدانی نەوتەوە چارەسەر دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە کە ڕووسیا خۆی هەناردەکاری نەوتە و ڕەنگە ئەم پێشنیارە ڕەتبکاتەوە.
بە وتەی مەرسومی، ئەم کێشەیە بە ئاسانی چارەسەر نابێت و کاریگەریی لە سەر ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و سەرمایەگوزاریی ڕووسیا لە عێراق دەبێت.
نەبیل مەرسومی ڕایگەیاندووە کە ئەستەمە ئەمریکا بڕیاری دەرکردنی عێراق لە سزاکانی ڕووسیا بدات، هاوشێوەی ئەوەی کە سەبارەت بە ئێران کراوە، لە بەر ئەوەی کە دەرکردنی عێراق لە سزاکانی ئێران بە هۆی کاروباری مرۆڤدۆستانە و پێویستی بە وزەی غازی ئێران بووە بەڵام سەبارەت بە سەرمایەگوزاری و گرێبەستە سەربازییەکان عێراق دەتوانێت شوێنگرەوەی ڕووسیا بدۆزێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەفوان قۆسەی شارەزای کاروباری ئابوری پێی وایە کە ئەمریکا موڵەتی دانەوەی قەرزەکانی ڕووسیا بە عێراق دەدات بەڵام لە هەمان کاتدا داوا لە حکومەتی بەغدا دەکات شوێنگرەوەی کۆمپانیاکانی ڕووسیا بدۆزێتەوە.
عەلی تەمیمی شارەزای یاساییش ڕایگەیاندووە کە لە گرێبەستەکانی نێوان ڕووسیا و عێراق ئەو خاڵە هاتووە کە هەر لایەنێک زەرەرمەند بێت دەتوانێت لە دادگا نێودەوڵەتییەکان سکاڵا تۆمار بکات./.