بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەیاننامەی هاوبەش و کۆتایی نۆزدەیەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی ئاستانە سەبارەت بە سوریا کە لە پایتەختی کازاخستان بەڕێوەچوو، بەدەر لە ڕەتکردنەوەی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە خاکی سوریا کە ڕووسیا بە جیدی لەم ڕێگایەوە هەوڵی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنکەرە دەدات، جەختی لە سەر پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی سوریا بۆ درووستکردنەوەی ژێرخانەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان وەک بەشێک لە ستراتیژی ڕووسیا – سوریا و هەڵگرتنی کارتی مرۆڤدۆستانە لە سەر مێزی دانوستانە سیاسییەکان کردەوە و بە گشتی خاڵێکی نوێ لە بەیاننامەکەدا بەدی نەکرا.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕووسیا و تورکیا وەک وڵاتانی پارێزەری چوارچێوەی ئاستانە لە 22 تا 23 ی تشرینی دووەمی 2022 لە کازاخستان بەڕێوەچوو.
ڕۆژنامەی الاخباری لوبنان بە ئاماژە بەم بابەتە، ڕایگەیاند: لەو بەیاننامەیەدا، دەسدرێژی و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و سزا تاکلایانەکانی ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لە دژی سوریا ئیدانە کرا، هەروەها جوداییخوازییەکانی پاڵپشتیکراوی ئەمریکا بە ناونیشانی ئیدارەی خۆسەر ئیدانە کران و بەیاننامەکە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی تورکیای لە باکوری سوریا تاوتوێ نەکرد، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکە، وتووێژی زۆر لە نێوان شاندە بەشداربووەکان بەڕێوەچوو.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لەو کۆبوونەوەدا، شاندێکی حکومەتی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەیمەن سوسان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، شاندێک لە تورکیا بە سەرۆکایەتی سەلجوق ئوناڵ بەرپرسی دۆسیەی سوریا لە وەزارەتی دەرەوە، شاندێک لە ڕووسیا بە سەرۆکایەتی ئەلکساندر لاورنتیف نێردەی تایبەتی ڤلادیمیر پوتین بۆ کاروباری سوریا و شاندێک لە ئێران بە سەرۆکایەتی عەلی ئەسغەر حاجی ڕاوێژکاری سیاسیی وەزیری دەرەوە بەشدار بوون. بەدەر لەو چوار شاندەش، شاندێک لە نەیارانی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد تۆعمە و چەندین شاندی چاودێریش لە وڵاتانی لوبنان، عێراق، ئەردەن و نوێنەری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتی گێر پدرسۆن نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا بەشدارییان کرد کە ناوبراو هیوای بەوە هەبوو ئەم کۆبوونەوە بتوانێت بگاتە دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستووری نوێی سوریا پێش ئەوەی کە ئاڵۆزییەکانی نوێی تورکیا لە باکوری ئەم وڵاتە باڵ بە سەر ڕووداوەکاندا بکێشێت.
بە پێچەوانەی بەیاننامەکە، ئەیمەن سوسان سەرۆکی شاندی سوریا، بە ڕاشکاوانە دژی سیاسەتەکانی تورکیا هاتە دەنگ و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پاش کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند کە داگیرکاریی ئەمریکا و تورکیا بە تایبەت پچڕانی بەردەوامی ئاوی دانیشتووانی حەسەکە، تاوانی شەڕە لە دژی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت ئیدانەی بکات.
الاخبار ڕایگەیاند کە ئەم لێدوانانە و بارودۆخی سوریا پیشاندەری ئاڵۆزییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە و لاوازبوونی هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەیە، سەرەڕای ئەوەی کە تا ئێستا چەند کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە نێوانیاندا بەڕێوەچووە. سەرەڕای لێدوانی بەرپرسانی سوریا، تورکیا بەردەوام باس لە نزیکبوونەوەی لە دیمەشق دەکات و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پاش کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی، دووبارەی کردەوە کە ئەگەری کۆبوونەوەی لە گەڵ بەشار ئەسەد لە ئارادایە. ناوبراو ئەم لێدوانەی پاش ئەوە داوە کە ڕایگەیاندبوو هەر کۆبوونەوەیەک لە نێوان خۆی و سەرۆک کۆماری سوریا دەکەوێتە پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023 ی تورکیا.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئەردۆغان لە هەمان کاتدا جارێکی دیکە ئامادەیی تورکیای بۆ دەستپێکردنی شەڕی سەربازیی وشکانی لە باکوری سوریا بە تایبەت لە کۆبانی و منبەج ڕاگەیاند. کەشی سیاسی ئێستا بە هۆی خیانەتی ئەمریکا لە کوردانی سوریا بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر دەڕوات، بە تایبەت ئەو ناوچەی کە ئەردۆغان داوای دەکات لە ژێر دەسەڵاتی ڕووسیایە، ئەمەش بەو مانایە دەبێت کە ئەمریکا دەیەوێت هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ نزیککردنەوەی سوریا و تورکیا شکست بێنێت، پاش ئەوەی کە واشنتن ڕێگریشی لەوە کرد کە هێزەکانی سوریای دیمۆکرات بەڵێنەکانی پێشووی بۆ ڕادەستکردنی کۆبانی و منبەج بە سوپای سوریا جێبەجێ بکات.
لەو چوارچێوەدا، سەرچاوە کوردییەکان بە ڕۆژنامەی الاخباریان ڕاگەیاندووە کە هەڵوێستی ئەمریکییەکان تووشی گۆڕانکاری بووە، ئەو بەرپرسانەی کە تا ئەم دواییەش دەستەبەری ئەوەیان دەکرد کە سوپای تورکیا هیچ پێشڕەوییەکی وشکانیی بۆ سەر باکوری سوریا نابێت. ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە ئەمریکییەکان سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا ئاگادارییان بە هێزەکانی هەسەدە داوە.
هەڵوێستی ڕووسیا تا ڕادەیەک لەوەی ئەمریکا جیاوازترە. مۆسکۆ بە تێگەیشتن لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و ڕەتکردنەوەی هێرشی وشکانی، ئەرکی سەرەکیی خستووەتە ئەستۆی هەسەدە کە دەبێت بەڵێنەکانی پێشووی جێبەجێ بکات و ئەو شوێنانەی دیاری کراوە، ڕادەست بکاتەوە.
ڕۆژنامەی الاخبار ڕایگەیاندووە کە گرووپە تیرۆریستی و توندڕۆکانی سەر بە تورکیا وەک دەستەی تەحریری شام (بەرەی نوسرە) بە سەرۆکایەتی ئەبو محەممەد جۆلانی فەرمانی پێویستیان بۆ بەشداری لەو شەڕەی تورکیا پێگەیشتووە، بە تایبەت ئەوەی کە جۆلانی پێگەی خۆیی لە نزیک حەلەب بەهێز کردووە و تورکیا وای لە گرووپە چەکدارەکانی دیکە کردووە کە شەڕەکەیان لە دژی دەستەی تەحریری شام ڕابگرن./.