بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەند سەرچاوەیەکی میدیایی لە عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە 24 ی تشرینی دووەمی 2022 ڕایانگەیاند کە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی هەر یەک لە وڵاتانی ئێران، سعوودیە و تورکیا دەکات.
سودانی لە یەکەم سەردانی فەرمی دەرەوەی خۆی لە پاش گەیشتنی بە پۆستی سەرۆک وەزیرانیی عێراق، سەردانی ئەردەنی کرد و لە لایەن عەبدوڵڵای دووەم شای ئەردەن و حوسێن بن عەبدوڵڵا جێنشینی ئەو وڵاتە لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مارکا پێشوازیی لێکرا. لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق هەر یەک لە سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەردەنیش ئامادە بوون. پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان و تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە لە گرنگترین تەوەرەکانی سەردانەکەی محەممەد شیاع سودانی بۆ ئەردەن بووە.
سودانی لە دووەم سەردانیشدا گەیشتە کوێت و وا بڕیارە سەردانی هەر یەک لە وڵاتانی ئێران، سعوودیە و تورکیا بکات. سەردانەکەشی بۆ سعوودیە بە مەبەستی بەشدارییە لە کۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی و چین./.