بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی پێنج شەممە 24 ی تشرینی دووەمی 2022 لە کاردانەوەی بەرامبەر بە پەسەندکردنی بڕیاری ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئێران کە بە هەوڵ و مانۆڕی ئەڵمانیا بووە، ڕایگەیاند: ڕژێمی بەرلین وەک دابینکاری سەرەکی چەکە کیمیاییەکانی سەدام لە دژی ئێران و وڵاتانی دیکە، ساڵانێکە بە سزا و گەمارۆ نادادپەروەرانە، نایاسایی و دژە مرۆییەکانی خۆی، وەک گەورەترین پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە جیهان دەرکەوتووە.
ناوبراو ڕایگەیاند: شەرمەزارییەکی گەورەیە کە ئەم کارانە بۆ یارییە بچووکە ناوخۆییەکانی خۆیان دەکەن.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەو وڵاتانە دەبێت بزانن ئێرانی بەهێز، پابەندی مافی مرۆڤ بووە بەڵام موڵەتی دەستێوەردانی ناوخۆیی لە کاروباری خۆیدا بە هیچ لایەن و وڵاتێک نادات.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئەوان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بە سیاسەتی دووفاقی، کەڵک لە میکانیزمەکانی مافی مرۆڤ وەردەگرن، پێشتر لە دژی گەلی ئێران دەیان کردەوەی دژە مرۆییان هەبووە و ئێستا بە ناو بوونەتە لایەنگر./.