بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوو گەنجی فەڵەستینی کە سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 23 ی تشرینی دووەمی 2022 بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی خۆرئاوا بریندار بوون، ئەمڕۆ پێنج شەممە شەهید بوون.
وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستین ڕایگەیاند کە محەممەد هیشام محەممەد ئەبو کەشک تەمەن 22 ساڵە لە ڕۆژی چوارشەممە لە ئاکامی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر شاری نابلۆس بریندار کرابوو، شەهید بووە.
ئەو وەزارەتە هەروەها ڕایگەیاندووە کە گەنجێکی دیکەش بە ناوی محەممەد حەزروڵڵا لە شاری نابلۆس شەهید بووە.
وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستین ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 202 فەڵەستینی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی شەهید کراون کە 150 کەسیان لە کەرتی خۆرئاوا و 52 کەسی دیکەیان لە کەرتی غەززە بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممەش ئەحمەد عەمجەد شاهادەی تەمەن 16 ساڵە کە لە ئاکامی هێرشی زایۆنیستەکان بۆ سەر شاری نابلۆس پێکرابوو، شەهید کرا./.