بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد کازم ئالی سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم، سەبارەت بە دانوستانەکانی ئەم دواییەی ئێران – عێراق لە سەر گرووپە تیرۆریستییە جوداییخوازەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامەکانی دانوستانەکان زانیاریی خستەڕوو.
ناوبراو ڕایگەیاند کە حکومەتی ناوەندیی عێراق لە بەدواداچوون و چارەسەرکردنی دۆسیەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە باکوری ئەم وڵاتە جیدییە و وتی: ئێمە زیاتر لە 70 بەڵگەمان سەبارەت بە بنکە و بارەگا، فێرگەی مەشق و ڕاهێنان، شوێنی گردبوونەوە و هێزە چەکدارەکانی ئەو گرووپانە خستووەتەڕوو و لایەنی عێراقی بەڵگەکانی وەرگرتووە و بەڵێنی بەواداچوونی داوە.
دەقی ئەو وتووێژە لە لایەن جام کوردییەوە بە زمانی کوردی وەرگێڕاوەتەوە و لە درێژەدا هاتووە:
هاوکات لە گەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی عێراق، لیوا قائانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەم ماوەیەدا سەردانی بەغدای کرد و لە گەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراقدا کۆبووە. وردەکاری و ئامانج لەو کۆبوونەوانە چی بووە؟
وەک دەزانن کە لیوا قائانی بەرپرسی دۆسیەی عێراقە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاساییە کە سەردانی ئەم وڵاتە بکات. زۆربەی چاوپێکەوتن و سەردانەکان، بەڵکوو هەموویان بە شێوازی فەرمی و بە هاوئاهەنگی و ئاگاداری بەرپرسانی عێراقی دەکرێت و لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لە گەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و سەرکردەی لایەنەکان کۆدەبێتەوە.
لە سەردانەکەی ئەم دواییەدا، ئایا لە گەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبووە؟
بەڵێ، لە گەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و هەروەها لە گەڵ بەرپرسانی دیکەش کۆبووە. ناوبراو هەر کات سەردانی عێراق دەکات، پرسە هاوبەشەکان، دووقۆڵییەکان و دۆخی ناوچەکە و هەندێک کاتیش دۆخی نێودەوڵەتی تاوتوێ دەکات. ئەم سەردانە یەکەم سەردان لە پاش دەستبەکاربوونی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ بووە و بەم هۆیەوە پیرۆزبایی لە ناوبراو کرد و پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە گەل و حکومەتی عێراق بە تایبەت لە پرۆژە گەورەکاندا بەو ڕاگەیاند تا لە قەیرانەکان بێنە دەرەوە و خزمەتگوزاری باشتر بە خەڵکی عێراق بدرێت.
بەشێک لە میدیاکان ڕایانگەیاند کە لە میانەی کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکانی لیوا قائانی لە گەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و بە هۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران، ناوبراو داوای لە حکومەتی بەغدا کردووە کە گرووپە تیرۆریستییە جوداییخوازەکان لە هەرێمی کوردستان، کۆنتڕۆڵ و لە عێراق دەربکرێن. میدیاکان هەروەها ڕایانگەیاند کە ئەگەر حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتی هەڵنەگرێت ئێران بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، پەنا بۆ هێرشی سەربازیی وشکانی لە هەرێمی کوردستان دەبات، ئەم ڕاپۆرتانە تا چەندە ڕاستە؟
پرسی پێشڕەوی وشکانی بەرەو خاکی عێراق دوورە لە ڕاستییەوە و شتی وەها لە ئارادا نییە، ئێمە ڕێز لە سەروەری عێراق دەگرین و بۆ سەقامگیری، یەکپارچەیی خاک و بۆ گەشە و پێشکەوتنی ئەم وڵاتە هەنگاوی زۆرمان هەڵگرتووە. عێراق وڵاتێکی گەورەی دراوسێیە، ئێران و عێراق پەیوەندییەکی سیاسی، جوگرافی، مێژوویی، ئایدۆلۆژیایی و هەروەها سنورێکی هاوبەشیان پێکەوە هەیە. ئەم هاوبەشییە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە هۆی هاتووچۆی خەڵکی هەر دوو لا و تەنانەت هاوسەرگیری نێوان ئەوان و نموونەکانی دیکە، هەروەها بووەتە هۆی ئەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بەهێز و دۆستانە بێت. هەر بۆیە ئێران شەڕی سەربازیی وشکانی لە خاکی عێراقدا ناکات. ئێمە لە گەڵ برایانی خۆمان لە هەرێمی کوردستان وتووێژێکی زۆرمان کردووە و پێشتریش لێژنەی ئەمنی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهێنرابوو تا چارەسەرێک بدۆزرێتەوە.
ئاماژەتان بەوەدا کە هێرشی سەربازیی وشکانی لە ئارادا نییە، بەڵام بەشێک لە میدیاکان ڕایانگەیاندووە کە ئێران ئەو هێرشە دەکات، مەبەستی ئێوە ئەوەیە کە تەنانەت هێرشی بچووک لە سنورەکانی ئێران و عێراق یان بە شێوازی دیکە ناکرێت؟
ئێمە بەردەوام هەوڵ دەدەین کێشەکان لە ڕێگای وتووێژەوە لە گەڵ برایانی عێراقی چارەسەر بکەین، ئەم گرووپە تیرۆریستییە ڕەگەزپەرستانە لە کۆنەوە و لە سەردەمی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە کەڵکیان لە خاکی کوردستانی عێراق وەک بنکە و بارەگا و شوێنی مەشق و ڕاهێنان وەرگرتووە و گەنجانی کوردی ئێرانییان بە کچ و کوڕەوە بۆ ئامانجە سەربازییەکانی خۆیان دامەزراندووە. ئێمە لە گەڵ برایانی خۆمان لە هەرێمی کوردستان وتووێژ دەکەین، پەیوەندییەکی نزیک و بەهێز نابێت بگاتە ئەوەی کە ئەندامانی گرووپە تیرۆریستییەکان دزە بکەنە ناوخۆی ئێران، هێزە ئەمنییەکانی ئێمە شەهید بکەن و ناوەندە ئەمنییەکانی ئێمە بتەقێننەوە. وتووێژی زۆر کراوە بەڵام ئەنجامی نەبووە، پێم وایە کە هەندێک کات پرسی نەتەوەیی زاڵە بە سەر پرسی دراوسێبوون و پرسە سیاسی و دیپلۆماسییەکان، هەر بۆیە ناچارین کە داوا لە حکومەتی ناوەندیی عێراق بکەین لەم بوارەدا دەستێوەردانی هەبێت.
کەی ئەو داوایەتان لە حکومەتی عێراق کردووە؟
بەم دواییە لە گەڵ برایانی خۆمان لە حکومەتی ناوەندیی عێراق وتووێژمان کردووە تا چارەسەرێک بخەینەڕوو و لەم چوارچێوەیەدا شاندی سیاسی و ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی عێراقی کرد.
دەکرێت ئاماژە بە کاتەکەی بدەن؟
یەک مانگ و نیو بەر لە ئێستا.
کە واتە لە پاش دەستبەکاربوونی محەممەد شیاع سودانی؟
نە، پێش ئەوەی کە سودانی بێت، سەرۆکی شاندەکەی عێراق لە دانوستانەکاندا فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوە و بە ئامادەبوونی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو.
لایەنی ئێرانی لە کێ پێکهاتبوو؟
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و دەزگا ئەمنییەکان. لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە پرسە هاوبەشەکان بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کرا و بڕیار درا کە کۆبوونەوەکان لە داهاتوودا بەردەوام بێت. پاش ماوەیەک ئەعرەجی بە یاوەری شاندێک سەردانی تارانی کرد و چەندین ڕێکەوتن کرا، بە تایبەت ئەوەی کە حکومەتی ناوەندیی عێراق کۆنتڕۆڵی سنورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بکات.
ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی ئەم ڕێکەوتنە بووە؟
نە، ڕەزامەندی لە سەر داوە، تەنانەت لە دانوستانەکانی پێشوو، کاتێک کە لە گەڵ هەرێمی کوردستان وتووێژمان دەکرد، ڕایاندەگەیاند کە پاراستنی سنورەکان ئەرکی حکومەتی ناوەندییە، لەم ڕوانگەوە کێشەیەک نەبوو. ئێمە داوامان لە برایانی عێراقی کرد کە ئەو گرووپانە چەک بکرێن و چەکەکان لەوان وەربگرن و لە سنورەکان دووریان بخەنەوە و لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان لە کەمپی ئاوارەکاندا بن، لە بەر ئەوەی کە ئەوان لە ڕیزی ئاوارەکاندا هەژمار دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاوارە چەکی نییە، مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی نییە و خەڵک ناکوژێت.
کە واتە کێشەی ئەوە نییە لە هەرێمی کوردستاندا بمێننەوە؟
تەنانەت ئەگەر وەک نەیارانی سیاسی بن، ئەگەر بێ چەک و لە ناوچەی هەرێمی کوردستان پەنابەر بن و بەم شێوازە ئێمە کێشەمان نییە، ئەوان داوای ماوەیەکیان کرد تا خشتەیەکی کاتی بۆ ئەم مەبەستە دیاری بکەن و ئەم ماوەیەش سنوردار بوو.
ئەو ماوەیە چەندە؟ واتە بڕیار بووە لە ماوەی دە ڕۆژدا خشتەیەکی کاتی دیاری بکرێت و ئەمە قسەی زیاتر لە یەک یان یەک مانگ و نیو بووە؟
بابەتی سێهەم لای ئێمە یادادشتی لێک تێگەیشتنە لە نێوان شاندەکانی ئێران و عێراق.
ئەو بابەتە لە ماوەی دە ڕۆژ تا ئێستا ڕووی نەداوە؟
تا ئێستا ڕووی نەداوە و لە ئێستادا هەوڵی وتووێژ لە گەڵ برایانی عێراقی دەدەین تا ئەو ڕێکەوتنە چالاک بکەینەوە و حکومەتی ناوەندی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک جیدییە، لە بەر ئەوەی کە دەستووری عێراق موڵەتی هیچ دەسدرێژییەک لە خاکی ئەم وڵاتە بۆ سەر خاکی وڵاتانی دراوسێ نادات. ئەمە خاڵێکی ئەرێنییە، هیوادارین کە کۆتایی بەم کێشە بێت و حکومەتی عێراق کۆنتڕۆڵی سنورەکانی بکات، ئەو گرووپانەش چەک بکرێن و تاوانبارەکان بە پێی ڕێکەوتن و یادداشتی لێک تێگەیشتنەکانی نێوان هەر دوو وڵات ڕادەست بکرێن و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەین.
ئەزموونەکان لە عێراق ئەوەی پیشان داوە کە حکومەتی ناوەندی لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە هێزی زاڵبوونی لە هەرێمی کوردستاندا نییە و ڕەنگە نەتوانێت داواکارییەکانی ئێران جێبەجێ بکات، واتە پاراستنی سنورەکان و چەککردنی گرووپە تیرۆریستییەکان. ئایا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان وەڵامی داواکارییەکانی ئێران دەدەنەوە؟
ئەم بابەتە خراوەتە سەر مێز و دەبینین کە حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنیدا زۆر جیدییە و هیوادارین کە ڕوو بدات.
ئەگەر بمانەوێت سەبارەت بەم گرووپانە لە هەرێمی کوردستان قسە بکەین، ئایا ئامارێک لە بنکە سەربازییەکان، کەمپەکان و ناوەندەکانی ئەوان دراوەتە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ژمارەی ئەندامانی ئەوان چەندە و زیاتر لە چ کەسانێک پێکهاتووە و کام گرووپ لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران چالاکی دەکەن؟
زیاتر لە 70 بەڵگە لە سەر بوونی گرووپە تیرۆریستییە چەکدارەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕادەستی حکومەتی عێراق کراوە، بەڵگەکان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە وەرگیراوە و بەڵێنی بەدواداچوونیان داوە.
پەیوەندییەکانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟ ئایا پەیوەندییەکان بەردەوام بە گەرمی ماوەتەوە؟
ئێمە بەردەوام پەیوەندییەکی کۆن و مێژووییمان لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، لە سەردەمی حکومەتی سەدامەوە پاڵپشتیمان لەوان کردووە، پەنامان بەوان دەدا، میوانداریمان لەوان دەکرد و ئێستاش پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان بەرپرسان و گەلانی هەر دوو لا هەیە، هەروەها پەیوەندییەکی ئابوری لە نێوان هەر دوو لادا هەیە، لە بواری گەشتیاری و تەندرووستیش، سەرەڕای ئەمەش کێشەکە ئەوەیە کە چاوەڕوانی ئەوە لە برایانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا جیدی بن تا ئەم پرسەش یەکلایی ببێتەوە./.