بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا نەوشادی لە کۆنفرانسی پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران و عێراق وتی: لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی دراوسێ، بەدەر لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، پشت بەستن بە خاڵە هاوبەشەکان بە تایبەت لە بواری ڕۆشنبیری و کەلتوریدا ڕۆڵی گرنگی هەبووە و ئەم یەکبوونەی ئێران و عێراقیش دەتوانێت ئاستەنگەکانی بەردەم پەیوەندییەکان چارەسەر بکات.
ناوبراو وتی: ئێران خاوەنی گەورەترین تۆڕی غازی جیهانە و بەکارهێنانی غاز لە وڵاتی ئێمە لە گەڵ بەکارهێنانی لەسەدا 65 ی غازی یەکێتی ئەورووپا یەکسانە، ئەمەش گەورەیی پیشەسازی نەوت و غازی ئێران دەسەلمێنێت.
نەوشادی وتی: سەرمایەگوزاریی گەورەی کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران لە پەرەپێدانی هێڵی بۆریی شەشەمی سەرتاسەریی غاز لە عەسەلویە تا خاڵی هەناردە لە نەوتی شار و شەلەمچە ئەوەی سەلماند کە ئێران گرنگی بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتی عێراق وەک وڵاتێکی گرنگ و دراوسێ دەدات، سەرەڕای ئەمەش دەبینین کە زۆربەی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە پشتەوەی دەروازەکانی عێراقدا ماونەتەوە و بە جۆرە کە شیاو بووە نەیانتوانیوە توانا و کارامەیی خۆیان لە پەرەپێدانی پیشەسازیی وڵاتی دراوسێ بەکار بێنن.
کارگێڕی گشتی کۆمپانیای ئەندازیاری و پەرەپێدانی غازی ئێران ئامادەبوون و بەشداریی کۆمپانیا ئێرانییەکانی لە پیشەسازی نەوت و غازی عێراق بە زۆر کەم ناو برد و وتی: وەک چۆن کە لە بواری درووستکردنی وێستگەی کارەبا و نەخۆشخانە لە عێراق سەرکەوتنی زۆرمان هەبووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەو دەسکەوت و پێشکەوتنانەش لە بواری نەوت و غاز ببینرێت.
ڕەزا نەوشادی ئامادەیی ئێرانی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کەرتی نەوت و غازی عێراق ڕاگەیاند و وتی: چاوەڕوان دەکرێت کە بەستێنی مسۆگەربوونی ئەم ئامانجە لە لایەن بەرپرسانی عێراقەوە دابین بکرێت و پیشەسازی نەوت دەتوانێت ڕێژەی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق بۆ دوو هێندەی ئێستا بەرز بکاتەوە./.