بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید مورتەزا عیمادی وتەبێژی ڕێکخراوی گومرکی ئێران وتی: لە کۆی گشتی بازرگانیی دەرەکی ئێران، 37 ملیار و 116 ملیۆن دۆلار پەیوەندی بە هاوردە و 32 ملیار و 368 ملیۆن دۆلار پەیوەندی بە هەناردەوە هەبووە.
ناوبراو وتی کە لە ماوەی 8 مانگی یەکەمی ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی، بەهای هەناردەی نانەوتی لە سەدا 4.44 و بەهای هاوردە لە سەدا 15.25 بەرزبوونەوەی هەبووە.
عیمادی وتی: لە 8 مانگی یەکەمی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی ڕێژەی هەناردەی نانەوتی لە ڕووی کێشەوە 70 ملیۆن و 402 هەزار تەن بووە کە نزیکەی لە سەدا 16 دابەزینی هەبووە و ڕێژەی هاوردەش لە ڕووی کێشەوە 23 ملیۆن و 405 هەزار تەن بووە و بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 12.44 دابەزینی هەبووە.
وتەبێژی گومرکی ئێران سەبارەت بە هەناردەی نانەوتی لە 8 مانگی ڕابردوو وتی: 5 وڵاتی چین، عێراق، ئیمارات، تورکیا و هیندستان، ئامانجی سەرەکی هەناردەی ئێران بوون.
وتیشی کە ئیمارات، چین، تورکیا، هیندستان و ئەڵمانیاش ئەو 5 وڵاتەن کە ئێران زۆرترین هاوردەی لەوانەوە هەبووە./.