جام کوردی – تاهیر بەگ بێ لەزمانی كوردی، بەزمانی فارسی و توركی شیعری نووسیوە. شیعرە فارسییەكانی بە زمانێكی راقی نووسراوە و لە ئاست شیعری شاعیرانی فارس دایە.
فەلەك زانی كە دەشكێ رەونەقی بازاڕی مانگو خۆر
شكاندی پەنجەكەم تا من نەنوسم وەسفی روخساری
تاهیر بەگ
شاعیرێكی دیارو ناوداری كوردستانە لە رێی شیعرە ناسك و پاراوەكانیەوە خزمەتێكی زۆری بە كاروانی ئەدەبی و رۆشنبیریی كوردستان كردووە.
تاهیر بەگ كوڕی وەسمان پاشا كوڕی محەمەد پاشای جافە، بە تاهیری بەگی جاف ناسراوە.
ساڵی 1878 لە شاری هەڵەبجە لەدایك بووە، لە ئامێزی خانەوادەیەكی پایەدارو زانستپەروەردا گەورە بووە.
باوكی كەسایەتیەكی گەورەو سەرداری هۆزی گەورەی جاف بووە، عاديلە خانمی دایکیشی ژنێکی ھەڵکەوتوو و بەدەسەڵات و بەدیمەنی سەردەمی خۆی بووە. عیزەت بەگی برای كەسایەتییەكی دیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی عیراق بووە. ئەحمەد موختاری بەگی برا بچووكی شاعیرێكی ناودارو قائیمقام و ئەندامی پەرلەمانی عیراق بووە.
تاهیر بەگ لای چەند مامۆستایەكی شارەزا دەرسی ئاینی و زمانی خوێندووە، زمانەكانی عەرەبی و فارسی و توركی و فەرەنسی فێر بووە.
بێ لە زمانی كوردی، بەزمانی فارسی و توركی شیعری نووسیوە. شیعرە فارسییەكانی بە زمانێكی راقی نووسراوەو لە ئاست شیعری شاعیرانی فارسدایە.
شیعرە كوردییەكانی شیعری جوانن، بە كوردییەكی شیرین و پاراو نوسراون، شیعرە غەزەلەكانی هێندە ناسك و سەرنجڕاكێشن، لە لایەن هونەرمەندانی كۆن و نوێوە كراون بە گۆرانی.
تاهیر بەگ زیاتر خولیای ئەسپسواری و راوو شكار و ریكخستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كاروباری دیوەخان بووە و حەزی زۆر لە كاروباری دەسەڵات و ئیداری نەبووە، تەنھا ماوەیەک پێش مردنی سەرۆکی شارەوانی ھەڵەبجە بووە، ئەویش پۆستێکی بەرز نەبووە. ئەوەش هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی كەمتر دەربكەوێ و بناسرێ، لە ئەحمەد موختار بەگی برا بچوكی شاعیرتر بووە، ئەحمەد موختاریش دانانی بەوەدا ناوەوەو بەشیعرەكانی تاهیر بەگ سەرسام بووەو ئیلهامی لێوەرگرتوون.
بەڵام لەبەرئەوەی ئەحمەد موختار، سەرباری ئەوەی شاعیر بووە، كاری قائیمقامی و پەرلەمانتاری عیراقی كردووە، ئەوەش بۆتە هۆی كە ئەحمەد موختار زیاتر بناسرێت.
دەرنەكەوتن و نەناسینی لە گەورەیی و بایەخی ئەو شاعیرە كەم ناكاتەوە، بەڵكو شیعرەكانی وەك زێر هەمیشە دەدرەوشێنەوە.
تاهیر بەگ پەیوەندی لەگەڵ شاعیرانی سەردەمەكەی هەبووە و هاموشۆی یەكتریان كردووە و شیعریان ئاڵوگۆڕ كردووە.ئەو پەیوەندییە زیاتر لەنێوان ئەوو ناریدا بووەو لەشیعرەكانیاندا رەنگی داوەتەوە.
بەغەمزەی چاوی مەخموری سیاهی مەستی مەی كردین
بەماچی لێوی موستەغنی لەئەنواعی مەزەی كردین
ترازا سوخمەی ئاڵی گوڵناری بەئاهی من
كەچی دەستی لەسەر دانا لەسەیری باخو بەی كردین.
تاهیر بەگ لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 1918 كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی عەبابەیلێ بەخاك سپێردراو چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.
دڵ نەخۆشی دەردی هیجرە، گیانی گیانانم وەرە
لەت لەتە جەرگو هەناوم، ماهی تابانم وەرە
عیللەتی دەردو شفاكەم، وا بەلێوی شەككەرت
مایەی ژین و حەیاتم، دەرد و دەرمانم وەرە
لەدوای كۆچی دوایی، شیعرەكانی تاهیر بەگ كۆكراونەتەوە و لە دووتوێی دیواندا چاپ و بڵاو كراونەتەوە.
دیوانەكەی ساڵی 1936 لە سلێمانی و ساڵی 1937 لەبەغداو ساڵی 1996 لەهەولێر چاپكراوە. چەند جارێكی دیكەش دیوانەكەی لە ئێران و كوردستان چاپكراوە.
درودی رێز و وەفا و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی تاهیر بەگی جاف، ئەو شاعیرە گەورەیەی بە شیعرە جوان و بەرزەكانی زمانی كوردیی پاراوو شیرینتر كرد.
خەلیل عەبدوڵڵا