بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعدون موحسین جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ و نوێنەری عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپێک، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس بۆ دابەزینی ڕێژەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت ڕۆڵی گرنگی لە سەقامگیری بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا هەبووە.
ناوبراو وتی: ئۆپێک پڵەس بە گشتی 43 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت کە لە سەدا 11 ی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ وتی کە سیاسەتی دابەزاندنی وەبەرهێنانی نەوت کاریگەریی لە سەر هەناردەی نەوتی عێراق نەبووە و بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، داهاتی وڵاتیش زیاتر بووە.
سەعدون موحسین وتی: هەر بڕیارێکی دیکە سەبارەت بە دابەزاندن یان بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنان بە پێی دۆخی بازاڕ و بە ئامانجی هاوسەنگی لە نێوان ڕێژەی داواکاری و خستنەڕوودا دەکرێت.
ناوبراو پێشبینی ئەوەیکرد کە نرخی نەوت لە ساڵی داهاتوو لە نێوان 85 تا 95 دۆلار بێت./.