بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژینەوەیەک دەریخستووە کە ڕێژەی هەژاری لە وڵاتی ئەڵمانیا لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو بە شێوازی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
دامەزراوەی زانستە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان ناسراو بە WSI سەر بە پەیمانگەی هانس بوکلر کە لە یەکێتی کرێکارانی ئەڵمانیاوە نزیکە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە کەسانی هەژار کە ڕێژەی داهاتی ئەوان کەمترە لە سەدا 50 ی مامناوەندی داهات، لە نێوان ساڵانی 2010 تا 2019 لە سەدا 40 زیادی کردووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هۆکارەکانی وەک کۆرۆنا، بەرزبوونەوەی نرخی وزە و هەڵئاسان ڕۆڵیان لەم دۆخەدا هەبووە.
توێژەرانی ئەو ڕاپۆرتە ڕایانگەیاندووە کە زیاترین کاریگەری هەژاری لە ئەڵمانیا لە ساڵی 2019 بووە.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە سەرەڕای گەشەی ئابوریی ئەڵمانیا لە دەیەی ڕابردوو و ڕێژەی نزمی بێکاری، خێزانە هەژارەکان سوودیان لەم دۆخە وەرنەگرتووە و دۆخی ئەوان بەردەوام ڕووی لە خەراپتربوون کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کەلێنی هەژاری، واتە ئەو بڕە پارەی کە خێزانێکی مامناوەند لە دەستی دەدات تا ئەو کاتەی دەچێتە ژێری هێڵی هەژاری، لە 2968 یۆرۆ لە ساڵی 2010 بۆ 3912 یۆرۆ لە ساڵی 2019 بەرزبووەتەوە./.