سعوودیە لە چوارچێوەی سیاسەتی ساڵانی ڕابردووی تا ئێستا و بە تایبەت لە پاش بە دەسەڵات گەیشتنی محەممەد بن سەلمان وەک جێنشین، حاشا لە چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی بەرپرسانی لە گەڵ زایۆنیستەکان و پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ناکات.
هاوکات، دەنی دانون ئەندامی پارتی لیکود لە پەرلەمانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ڕێکەوتنی ئابراهام بۆ ئاساییکردنەوە وتی کە چاوەڕوان دەکات ڕێکەوتنی سعوودیە و ئیسرائیل ببینێت. ئەمەش لە لایەن بەرپرسانی سعوودیەوە بە درۆ نەخرایەوە.
چاودێرانی سیاسەتی سعوودیە دەزانن کە ئەم وڵاتە بە هۆی بن سەلمانەوە پەیوەندییەکی زیاتر لە ئاستی ئاساییکردنەوەی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی هەیە بەڵام بە فەرمی ئەم بابەتەی ڕانەگەیاندووە.
سعوودیە تەنانەت هەرێمی ئاسمانیی خۆیی بە ڕووی فڕۆکەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنیا لە پاش چارەسەرکردنی کێشەی عەرەبی – ئیسرائیلی پەیوەندیی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەی ئەمە لە بەرزترین ئاستدا لە گەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو ڕژێمە هاوئاهەنگیی هەیە، بە شێوازێک کە هەڵوێستەکانی سعوودیە لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان زۆر لە هەڵوێستەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە نزیکە.
زۆربەی چاودێرانی پەیوەندییەکانی سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی لەو بڕوایەدان کە بن سەلمان ئەم پەیوەندییانە بە فەرمی ڕاناگەێنێت لە بەر ئەوەی کە هێشتا ئەمریکا ئەوەی بۆ دەستەبەر نەکردووە کە دەستی بە پۆستی پاشایەتی سعوودیە بگات. بەڵام بن سەلمان هەندێک کات هەڵوێستەکانی زیاتر لە بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕژێمەدا بووە./.