بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یاری کۆتایی مۆندیالی 2022 ی قەتەر کە لە دەوحەی پایتەخت بەڕێوەچوو، لە 95 خولەکی یارییەکەدا بە دوو گۆڵ بۆ هەر یەک لەو دوو هەڵبژاردەیە کۆتایی هات.
لە کاتی زیادکراوی یارییەکەشدا هەر یەک لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و فەرەنسا یەک گۆڵیان تۆمار کرد.
گۆڵەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە لایەن لیۆنێل مێسی (2 گوڵ) و ئەنخێل دی ماریا (یەک گوڵ) تۆمار کران و هەر سێ گوڵەکەی فەرەنساش لە لایەن کیلیان مباپێوە تۆمار کران.
لە ئاکامدا یارییەکە چووە لێدانی یەکلاکەرەوە و ئەرجەنتین بە 4 لێدان لە بەرامبەر 2 لێدانی فەرەنسا سەرکەوتنی بە دەست هێنا و بووە قارەمانی تۆپی پێی جیهان و براوەی مۆندیالی قەتەر.
لیۆنێل مێسی بووە ئەستێرەی مۆندیال و کیلیان مباپێش بە تۆمارکردنی 8 گوڵ بووە یەکەم گوڵکاری مۆندیال.
بە بردنەوەی مۆندیالی قەتەر لە لایەن هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەو هەڵبژاردەیە بووە خاوەنی سەرجەم دەسکەوتە تاکە کەسی و کۆمەڵەکان لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا./.