بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لایەنەکانی دژبەری شۆڕش بە تایبەت ئەوانەی کە لە ئەورووپا و ئەمریکا وەک بەکرێگیراوێک هەڵسووکەوت دەکەن، لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێراندا بە هەموو شێوازێک هەوڵی ئەوەیان دەدا ئەورووپا و ئەمریکا لە دانوستان لە گەڵ ئێران لە سەر دۆسیەی ناوەکی و هەڵگرتنی گەمارۆکان پاشگەز بکەنەوە و وا پیشان بدەن کە دانوستان لە گەڵ ئێران چیدی لە پلانەکانی ڕۆژئاوادا نییە.
بەم هۆیەشەوە ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا وەک پاڵپشتییەک لە ئاژاوەگێڕییەکان و ئاژاوەگێڕانی ئەم دواییەی ئێران چەندین جار ئەوەیان ڕاگەیاند لە دانوستان لە گەڵ ئێران لە پلانی ئەواندا نییە و لە جێی دانوستان گرنگی بە دۆخی ناوخۆیی ئێران دەدەن کە ئەمەش لە لایەن میدیاکانی لایەنەکانی دژبەری شۆڕش و میدیا بەکرێگیراوەکانی ئەمریکاوە وەک پاڵپشتییەکی تەواو بۆ ئاژاوەگێڕان خوێندنەوەی بۆ کرا.
بەڵام ڕۆژی سێ شەممە 20 ی کانوونی یەکەمی 2022 لە پەراوێزی کۆنگرەی بەغدا – 2 لە ئەردەن، جۆزپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەوە. ئەم کۆبوونەوە یەکەم جارە کە لە پاش ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەی ئێران بەڕێوە دەچێت و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاند کە لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی لە سەر بنەمای دانوستانەکانی ڤیەننا ڕێکەوتووە.
ڕێکەوتنی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی وەک پاشەکشەی ئەورووپا و ڕۆژئاوا لە هەڵوێستەکانیان و گەڕانەوە بۆ دانوستانەکانی قۆناغی پێش ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە دادەنرێت و ئەمەش بە واتای بەکارهێنانی لایەنەکانی دژبەری شۆڕش و میدیاکانی ئەوانە وەک ئامرازێک لە لایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە و پاشان وازیان لێ دەهێنن و بۆ سەر مێزی دانوستان لە گەڵ ئێران دەگەڕێنەوە.
گەڕانەوەی ئەمریکا و ئەورووپا بۆ سەر مێزی دانوستانی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی لە کاتێکدایە کە لایەنەکانی دژبەری شۆڕش و میدیاکانی ئەوان بەردەوام بانگەشەیان دەکرد کە لە سەر کاریگەری ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە، دانوستانەکان ڕاگیراوە و بە هیچ شێوازێک بەردەوام نابێت.
لایەنەکانی دژبەری شۆڕش (ئەوانەی لە ئەمریکا و ئەورووپا دادەنیشن) لە نامە و پەیام و کۆبوونەوە ئاشکرا و داخراوەکانی خۆیان لە گەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و ئەورووپا، دژایەتی ڕێکەوتنی ناوەکی و دانوستانەکانی ڤیەننایان وەک پەیامێک بەوان گەیاندبوو، بەڵام بە ڕاگەیاندنی پلانی ڕۆژئاوا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڤیەننا ئەو هەوڵ و داواکارییە بە تەواوی شکستی هێنا.
لایەنەکانی دژبەری شۆڕش کە لە سێ مانگی ڕابردوو بەردەوام و بە هەموو شێوازێک بانگەشەی پاڵپشتی نێودەوڵەتیی دەکرد، ئێستا ئەو پاڵپشتیە زارەکییەشیان بۆ نەماوەتەوە، ئەورووپا ڕایگەیاندووە کە بۆ سەر مێزی دانوستان دەگەڕێتەوە، تەنانەت سعوودیەش لە کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی لە گەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە ئەردەن ئامادەیی خۆیی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان هەر دوو لا دەربڕیوە./.