ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ڕاپرسییەکاندا پاشەکشەی کردووە و ئەمەش ڕەنگە بگاتە شەڕێکی بچووک لە سوریا بۆ بەدەستهێنانی پێگەی جەماوەری. وەها هێرشێک دەتوانێت مەترسی لە سەر هێزەکانی ئەمریکا دابنێت و هەڕەشەی کاردانەوەی دوژمنکارانەی ئەمریکای بە دواوە دەبێت. هیچ پاساوێک بۆ هەڕەشەکانی تورکیا بوونی نییە بەڵام مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش هیچ هۆکارێکی نییە.
12 ساڵ بە سەر شەڕی ناوخۆیی سوریادا تێپەڕ دەبێت و شەڕ و پێکدادانەکان ناوە ناوە بەردەوامە و ئەمریکا بەردەوام بە 900 سەربازەوە بەشێک لەم وڵاتەی داگیر کردووە و هەروەها دەستی خستووەتە کەرتی ئابوری سوریا و لە ڕێگای گەمارۆکانەوە دانیشتووانی ئەم وڵاتەی بەرەو هەژاری بردووە. هێزە چەکدارەکانی چەندین وڵات بە تایبەت تورکیا لە سەرتاسەری سوریا چالاکن و ئەمەش مەترسی بەربڵاوبوونی شەڕەکەی لێدەکەوێتەوە.
واشنتن لەو بڕوایەدا بوو کە سەپاندنی گوشاری زۆر دەتوانێت بگاتە ئەوەی کە حکومەتێکی دۆست لە سوریا بە دەسەڵات بگات بەڵام هەوڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئاڵوگۆڕێکی دیمۆکراتیک ماوەیەکی زۆرە ڕاگیراوە و حکومەتەکەی جۆبایدن تەنیا هەوڵی پاراستنی دۆخی ئێستا دەدات. عەبدولڕەحمان میسری لە ئەنجومەنی ئەتلانتیک وتی: ” ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نازانێت لە سوریا چی دەوێت و هیچ کۆتاییەک بۆ ئەم یارییەی لە بەردەستدا نییە و بە پێی گۆڕانکاری بەرچاو لە یەکەمایەتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و نەبوونی بژاردە ئاشتییانەکان بۆ پەیوەندی دووبارە لە گەڵ سوریا، ئەستەمە کە هەلومەرجی ئێستا بگۆڕدرێت “.
لە هەمان کاتدا، ئەردۆغان پێشنیاری کۆبوونەوەی لە گەڵ بەشار ئەسەد و ڤلادیمیر پوتین خستووەتەڕوو کە ڕەنگە لە ئاکامدا بگاتەوە تێکەڵبوونی دووبارەی سوریا لە ناوچەکە و چەشنێک کۆتایی هێنان بە گرژییەکان لەم وڵاتە و بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکاش بە هەڵوەشانەوەی ئەو سزا و گەمارۆیانەی کە گەلی سوریای کردووەتە ئامانج و هاندانی هاوبەشەکانی خۆی لە ناوچەی کەنداوی فارس، یارمەتیدەری ئەم ڕەوتە بێت.
شەڕی ناوخۆیی سوریا لە سەرەتای ساڵی 2011 بە ناڕەزایەتییەکانی بەهاری عەرەبی لە دژی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەستیپێکرد و بە خێرایی توندووتیژیی لێکەوتەوە و شەڕ و پێکدادانی نێوان گرووپەکان و وڵاتانی بیانیش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد. سیاسەتی ئەمریکا کە هەوڵی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی ئەسەد، شکستی داعش، پاڵپشتی لە گرووپە میانەڕۆکان، یەکگرتن لە گەڵ گرووپە ئیسلامییە توندڕۆکان، پاڵپشتی ناڕاستەوخۆ لە باڵی خۆجێی قاعیدە، ئاشتەوایی لە گەڵ تورکیا (لە کاتێکدا کە ئەم وڵاتە بە شێوازی کاریگەر هاوکاری داعشی دەکرد و دژی کوردەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا بوو)، و هەروەها لە بەرچاونەگرتنی هێزەکانی ئێرانی و ڕووسی چەندان ووشیارانە دانانرێت. لە هەمان کاتدا، تاران و مۆسکۆ سادە و تەنیا پاڵپشتییان لە حکومەتی دیمەشق دەکرد.
ئێستا و لە پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک دەیە، سیاسەتەکانی ئەمریکا لە سەرجەم بوارەکان بەدەر لە شکستی داعش بە تەواوی شکستی هێناوە و تەنانەت شکستی داعشیش بەشێکی زۆری لە لایەن هێزە چالاکەکانی دیکەی ناوچەکە ڕووی داوە. دژایەتیکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس لە گەڵ دیمەشق لە لایەن ئەمریکاوە، حکومەتەکەی ئەسەدی تا ڕادەیەک پەراوێز خست و بەو بۆنەوە ڕووی لە ئێران و ڕووسیا کرد و بەردەوامی داگیرکاری نایاسایی ئەمریکاش تەنیا هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتەی ڕوبەڕوی مەترسی کردووەتەوە.
لە سەرچاوە سەرەکییەکانی شەڕ و پێکدادانەکان دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانە بدەین: ئیدلب کە لە لایەن گرووپە توندڕۆ و تیرۆریستییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت و لە لایەن تورکیاوە دەپارێزرێت، هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، بەکارهێنانی گرووپە توندڕۆکان لە لایەن تورکیاوە دژ بە کوردەکان، بەردەوامی دەستێوەردانە سەربازییەکانی ئەنکەرە و ئەردۆغان کە هەوڵی دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەدات و ناوچەیەکە کە لە لایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کوردی بە هاوکاری ئەمریکا دەپارێزرێت. هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەییەکانی تورکیا لە مانگی تشرینی دووەم لە شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا زۆر نزیک بوو و کاردانەوەکەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکاش ئەنجامێکی نەبوو.
بوونی ئەمریکییەکان بە ناچار مەترسی شەڕ و پێکدادانی بە دواوە دەبێت. ڕەنگە ڕووسیا بڕیار بدات پاڵپشتی ئەمریکا لە ئۆکرانیا لە سوریا قەرەبوو بکاتەوە. پاشماوەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش بە هەمان شێوە ڕەنگە هەوڵی تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا بدەن.
چاکسازییە سیاسییەکان لە سوریا بە پێویست دادەنرێت بەڵام ئەستەمە کە داواکارییەکانی نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشچوونی ڕەوتی ئاشتی ئەنجامێکی هەبێت. ئەوەی کە ئەسەد کە پاش یەک دەیە شەڕی ناوخۆیی و ڕێگری لە ڕووخانی دەسەڵاتەکەی، واز دەهێنێت تەنیا وەک خەیاڵ سەیر دەکرێت. لە هەمان کاتدا، ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لە گەڵ ڕووسیا و ئێران، ئەگەری هاوکارییەکانی ئەوان لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا کەم دەکاتەوە.
ئەگەرچی لە ڕووی مرۆییەوە گەمارۆکان تا ڕادەیەک لە شەڕ باشترە بەڵام بە کردەوە کاریگەری زۆر خەراپی لە سەر ژیانی خەڵکی ئاسایی داناوە. سزایەکی زۆر و جۆربەجۆر لە دژی حکومەتی سوریا جێبەجێ کراوە کە دڕندانەترینی ئەوانەش یاسای قەیسەرە کە لە ساڵی 2019 پەسەند و جێبەجێ کراوە و هەر دامەزراوەیەکی بیانی کە لە گەڵ ئەمریکا پەیوەندیی هەیە، لە بازرگانی لە گەڵ سوریا دوور دەخاتەوە. ناتالی ئارمبراستر شارەزا لە کاروباری بەرگری ڕایگەیاند: ” ستراتیژی سزاکانی ئەمریکا لە سوریا سزای ئەسەد نادات بەڵکوو خەڵکی سوریا بەدەر لە پاڵپشتی یان دژایەتی ئەسەد سزا دەدات، لە ئێستادا لە هەر 10 کەس لە سوریا، 9 کەس لە هەژاریدا ژیان بە سەر دەبات و لە هەر 10 کەسیش، 6 کەس مەترسی برسێتیی لە سەرە “.
جێمز جفری نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لە حکومەتەکەی دوناڵد ترەمپ، ئاماژەی بە ئامانجی سەرەکی سزاکانی دژ بە سوریا داوە و ڕایگەیاند: ” ئەرکی من ئەوەیە کە سوریا بکەمە گێژاوێک بۆ هێزەکانی ڕووسیا “. ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە واشنتن لە دژی ڕووسیا، زیان بە سورییەکان دەگەێنێت و سەرەڕای ئەمەش حکومەتەکەی پوتین تا ئێستا خواستی وازهێنانی لە ئەسەد نەبووە و جفری تەنیا کەسێک بوو کە لە سزادان و ئێش و ئازاری خەڵکی سوریا هەستی بە شایی دەکرد. جوئل ڕیبۆرن نێردەی تایبەت و پێشووی ئەمریکا لە سوریا لە ماوەی ڕابردوو لە تویتێکدا ڕایگەیاند: ” ئابوری و حکومەتەکەی ئەسەد بەرەو ڕووخان دەڕۆن، ئەوان سووتەمەنییان نییە، کارەبایان نییە، بازرگانییان نییە، شەقامەکان چۆڵن و ئەسەد تەنانەت بۆ دابەشکردنی مووچە بە ناچار پارە چاپ دەکات. ئەنجامەکەش: هەڵئاوسان بووەتە هۆی ئەوەی کە دەستی خەڵک بە پێداویستییە سەرەکییەکان نەگات، بەهای هەر دۆلاری ئەمریکا لە بەرامبەر دراوی سوریا گەیشتووەتە 5900 کە بووەتە هۆی پەککەوتنی هاوردە “.
لەم هەلومەرجەدا دەستپێشخەرییەکەی ئەردۆغان دەتوانێت وەڵامێکی گونجاو بۆ کۆتایی یارییەکەی ئەمریکا لە سوریا بێت. سەرۆک کۆماری تورکیا سەردەمێک لە ئەسەد نزیک بوو و دواتر هەوڵی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی دەدا. ئێستا خواستی ئەردۆغان بۆ پەیوەندی دووبارە لە گەڵ سوریا بە هۆی ڕێکەوتنێکە بە پاڵپشتی ڕووسیا کە بە پێی ئەو ڕێکەوتنەش، ئەنکەرە پاشەکشە دەکات و موڵەتی ئەوە دەداتە دیمەشق تا کۆنتڕۆڵی سنورەکانی لە گەڵ تورکیا جارێکی دیکە بە دەستەوە بگرێت. ئەمەش ئاسایشی تورکیا دابین دەکات و کۆتایی بە داگیرکردنی ناوچە کوردنشینەکان لە لایەن ئەم وڵاتەوە دێنێت. ئەگەر ئەمەش دواتر بگاتە پاشەکشەی ئەمریکا و سوریا بتوانێت کۆنتڕۆڵی سنورەکانی لە گەڵ عێراقیش بکات، ڕەنگە هێندە پێویستی بە ئێران نەمێنێت و ئەمەش ئاڵۆزییەکان لە گەڵ ئیسرائیل کەم دەکاتەوە و هەروەها هانی وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس دەدات کە دیسانەوە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ دیمەشق دەست پێبکەنەوە.
ڕەنگە ئەم سیاسەتە کە دەستپێکی لە تورکیایە، بۆ ئەمریکا هەڵەیەکی گەورە بێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان لە واشنتن لە ڕووخانی حکومەتی ئەسەد سەرکەوتوو نەبوون و ڕۆژانە ژمارەی قوربانییانی سڤیلی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە سوریا بەرزتر دەبێتەوە. سیاسەتدانەرانی ئەمریکا دەبێت دان بە شکستی خۆیاندا بنێن و ستراتیژی نوێ تاقیبکەنەوە و لە جێی پەرەپێدان بە شەڕ، یارمەتیدەری ئاشتییەک بن کە لە بەرژەوەندی گەلانی ئەمریکا و سوریادایە.
نووسەر: داگ باندۆ – سەرچاوە: میدل ئیست نیوز
وەرگێڕان: جام کوردی