جام کوردی – بیرەوەرییەك، ساڵانە لەم شەوەدا گرنگە بیخوێنێتەوە: دەمێكە شیعری شەوی یەڵدا، قسەو باسی جیاوازی لەسەر دەكرێ، هەرچەندە پێشتر ئەم شیعرە بەناوی شیعری “نالی”ەوە بڵاوكراوەتەوە، كە لەراستیدا بنەمای ئەم بۆچوونەش بۆ خوالێخۆشبوو مەلا عەبدولكەریمی مودەریس، دەگەڕێتەوە، بەهەمان شێوەو هەندێ لەوانەی تریش كە سەروكاریان لەگەڵ شیعری كلاسیكی كوردیی هەیە، بە شیعری نالی یان ساغكردووەتەوە. (مامۆستا حەمە بۆر)یش، لە دیوانی “مستەفا بەگی كوردیی” لاپەرە(٤٨٣)دا سەلماندوویەتی “شەوی یەڵدا” هیچ پەیوەندییەكی بە نالی یەوە نییە!
هاوڕێی بەڕێزم كاك كاروان خەیات”یش، چەند بەڵگە دەستنووسێكی خستووتە ڕوو، كە ئەم شیعرە هیچ پەیوەندی نییە بە نالییەوە، بەڵكو شیعری “مستەفا بەگی كوردی”یە. ئاماژەش بەوە دەكات، هەموو ئەو دەستنووسانەی شیعری نالی كە لای ئەوە، هیچیان ئەم شیعرەیان تێدا نییە. بەڵام بەداخەوە وا رۆشتووەو عەدنان كەریم و كەویار و چەند كەسێكی تریش بە ناوی نالییەوە، ئاوازیان بۆ داناوەو بە گۆرانی پێشكەشیان كردووە.
شیعری”شەوی یەڵدا” دەخوێنیتەوە، هەم كەشی شیعرەكە، هەم تەكنیك و زاراوەسازیی هیچ لە شیعری نالی ناچێ، زیاتر لە شیعری كوردی دەچێت، تەنانەت، كوردیی شیعرێكی تری هاوشێوەی هەیە ناوی (سەدای فیرقەتی یارانە ئەمشەو) هەمان ڕیتمی ئەم شیعرەیە.
ئەم شیعرەی كوردیی، لە نۆ كۆپلە پێكهاتووە، كۆپلەی كۆتایی شیعرەكە، ناوی كوردی تێدا هاتووە” ئەم دەستنووسەش، پێش سەد ساڵ دەیسەلمێنێ شیعری كوردییە!
شەوی یەڵدایە یان دەیجورە ئەمشەو
كە دیدەم دوور لەتۆ بێ نوورە ئەمشەو
دڵم وەك حاكمی مەعزولە قوربان
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو
ئەگەر یاران دەپرسن حاڵی (كوردی)
لە كونجی بێ كەسی، مەهجورە ئەمشەو !
كامەران سوبحان