مێژوو هیچ کات ئەو زوڵمەی کە لە لایەن وڵاتانی بێگانە و زاڵمەوە لە گەلی سوریا کرا، لەبیر ناکات، ئەوان هەوڵێکی زۆریان دا کە یەکێک لە کۆڵەکە بەهێزەکانی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە لە ناو ببەن.
ئەوان لەم پێناوەدا هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆیان بەکار هێنا، تیرۆریستەکانیان لە سەرتاسەری جیهانەوە کۆکردەوە و ئەوانیان هێنایە سوریا و بەمەش بەشێکی گەورەی ئەم وڵاتەیان لە ناو برد.
ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی ڕۆڵی سەرکردایەتی و ڕێکخستنی ئەو تیرۆریستانە، مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردنیان بە مەترسیدارترین و کوشندەترین چەک لە ئەستۆ گرت.
تورکیا وەک دراوسێی سوریا، مافی دراوسێبوونی بەجێ نەگەیاند، بەڵکوو شمشێری دوژمنایەتیی لە دژی ئەم وڵاتە بەرز کردەوە و بووە دەروازەی سەرەکیی هاتنی تیرۆریستان بۆ سوریا و هەر ئێستاش بەشێک لە خاکی سوریا لە لایەن تورکیاوە داگیر کراوە.
تیرۆریستان چەندین شار و ناوچەی سوریایان داگیر کرد و خەڵکی بێ تاوانیان کردە قوربانی.
بەڵام مێژوو وەک چۆن کە خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی کردووە و بەردەوام سەلمێندراوە، حەق و ڕاستی هەموو کات براوە و سەرکەوتووە و هیچ شتێک بە سەریدا زاڵ نابێت. ” وَسَيَعْلَمُ الَّذِينَ ظَلَمُوا أَيَّ مُنْقَلَبٍ يَنْقَلِبُونَ “
ئێستا دەبینین کە لە پاش 11 ساڵ، تورکیا و پێشتریش ئەمریکا و ئەورووپا لە بەرامبەر ڕاستییەکاندا خۆیان بە دەستەوەدا، لە بەر ئەوەی کە تورکیا بە بێ ڕاوێژ و هاوئاهەنگی لە گەڵ ئەوان هیچ بڕیارێکی نەدەدا و جێبەجێی نەدەکرد. لەم پێناوەشدا وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە گەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوریا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
خاڵی بەرچاو ئەوەیە کە حکومەتی سوریا هێندە خوازیاری دانوستان نەبووە و ئەوە تورکیا بووە کە بەردەوام داوای دانوستان و کۆتایی هێنانی بە ناکۆکییەکان کردووە. بەڵگەش لە سەر ئەمە، وتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیایە کە لە 15 ی کانوونی یەکەمی 2022 ئاشکرای کرد کە پێشنیاری کۆبوونەوەی لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا داوەتە ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا و هاوکات داوای کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری تورکیا و سوریای کردبوو.
دەبێت چاوەڕوان بین و بزانین کە لە پاش تورکیا کام وڵات ڕاستییەکانی سوریا قبووڵ دەکات و دان بە ڕەوایەتی خۆڕاگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا دەنێت و ئەوەش بە فەرمی دەناسێت./.