بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماڵپەڕی ” العهد ” ی لوبنان بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی ساڵی 2015 ی مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانی لە سێهەم ساڵیادی تیرۆری شەهید سولێمانی فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بڵاو کردووەتەوە.
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لە ساڵی 2015 ڕایگەیاندبوو کە ” ساڵی 2014 داعش گەیشتبووە دەروازەکانی هەولێر و نیگەرانیی ئەوە هەبوو کە شارەکە تووشی ڕووداوی نەخوازراو بێت “.
مەسعود بارزانی لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاندبوو کە ” من پەیوەندیم بە ئەمریکییەکان، تورکەکان، فەرەنسییەکان و تەنانەت سعوودییەکانەوە کرد و سەرکردەی ئەو وڵاتانە بە منیان ڕاگەیاند کە لە ئێستادا ناتوانین هاوکارییەک بکەین “.
لە درێژەی ئەو لێدوانانەدا هاتبوو کە ” پەیوەندیم بە حاجی قاسم سولێمانییەوە کرد و دۆخەکەم بۆ ڕوون کردەوە، ئەو وتی کە سبەی پاش نوێژی بەیانی من لە هەولێر لای ئێوە دەبم. منیش وتم تا سبەی کاتەکە درەنگە، ئێستا وەرن “.
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە ” بە منی وت، کاک مەسعود، تەنیا ئەمشەو شارەکە بپارێزە. بەیانی ڕۆژی دواتر حاجی قاسم لە هەولێر بوو و من چوومە پێشوازیی. 50 تا 60 کەس لە هێزە تایبەتەکانی لە گەڵدا بوو. دەستبەجێ بەرەو ناوچەکانی شەڕ بەڕێکەوتن و دیسانەوە ڕێکخستنیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد “.
بارزانی لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاندبوو کە ” لە ماوەی چەند کاتژمێردا هاوکێشەکە لە بەرژەوەندی ئێمەدا تووشی گۆڕانکاری بوو. ئێمە دواتر سەرکردەیەکی داعشمان دەستبەسەر کرد و وتی کە سیخوڕەکانی ئێمە لە هەولێر هەواڵی ئەوەیان دا کە قاسم سولێمانی لە شارەکەدایە و ورەی هێزەکانی ئێمە دابەزی و پاشەکشەمان کرد “./.