بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردن و هاوئاهەنگی کاروباری مرۆڤدۆستانە سەر بە بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە یەک ملیۆن و 239 هەزار و 581 ئاوارە کە 199 هەزار و 433 خێزان پێک دێنن، لە هەزار و 69 کەمپ و پەناگەی نافەرمی تا کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2022 ژیانیان بە سەر دەبرد کە دەستیان بە هیچ هاوکارییەکی مرۆڤدۆستانە و ساکارترین پێداویستییەکانی ژیان نەگەیشتووە.
ئەو دامەزراوەی سەر بە ئەنساروڵڵای یەمەن ڕایگەیاندووە کە لەو ئاوارانە 618 هەزار و 122 ژن لە خزمەتگوزاری تەندرووستی و ئاوی خواردنەوە بێبەشن و 193 هەزار و 35 منداڵی تەمەن کەمتر لە 5 ساڵ بە هۆی سەرما و نەخۆشی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانەوە لە هەلومەرجێکی زۆر دژواردان.
ئەنجومەنەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە نزیکەی 114 هەزار بەساڵاچوو مەترسی مردنیان لە کەمپە نافەرمییەکاندا لە سەرە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئاوارەکان تووشی چەندین نەخۆشیی مەترسیدارن و بە ئەستەم دەستیان بە دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکی دەگات.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئابی 2022 ژمارەی ئاوارەکانی یەمەنی بە 4 ملیۆن و 300 هەزار کەس ڕاگەیاند کە یەک لە سەر سێی ئەوان لە دژوارترین هەلومەرجی ژیاندان و زیاتر لە 23 ملیۆن کەسیش لە دانیشتووانی یەمەن پێویستیان بە هاوکاری مرۆڤدۆستانە هەیە./.