بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ لە ناوچەکە گرووپەکانی خۆڕاگریی گەل بە ناوی بەرەی خۆڕاگری دەبینین. بەرەی خۆڕاگری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ئاستی ناوچەکە بەهێزتر دەبێت. ئەم بەرەیە کە لە موسڵمانانی شێعە و سوننە پێکهاتوون، بەهێزتر لە ڕابردوو ئامانجەکانیان لە ناوچەکە بەرەوپێش دەبەن.
بەرەی خۆڕاگری کە لە گرووپەکانی وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی لە فەڵەستین، حزبوڵڵای لوبنان، حەشدی شەعبی لە عێراق، ئەنساروڵڵای یەمەن، فاتمیونی ئەفغانستان و ….. پێکهاتووە ڕوبەرێکی بەرفراوانی لە ناوچەکە خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.
لە وڵاتانی وەک عێراق، سوریا، لوبنان، فەڵەستین و یەمەن بەرەی خۆڕاگری دەبینرێت و چالاکیی هەیە.
پاش هێرشەکانی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر لوبنان، خەڵکی شێعەی ئەو وڵاتە گرووپێکیان بە ناوی حزبوڵڵا پێکهێنا. بە ڕێکخستن و دامەزراندنی حزبوڵڵا و شەڕەکانی لە دژی داگیرکارانی زایۆنیست وەک شەڕی 33 ڕۆژە و شکستە قورسەکەی ئەو ڕژێمە، زایۆنیزمی خوێنمژ پاشەکشەی کرد و چیدی توانای هێرشی سەر سنورەکانی لوبنانی نەبوو، لە بەر ئەوەی کە دەزانێت ڕوبەڕوی شکستێکی گەورەتر دەبێتەوە.
حزبوڵڵا بە یەکێک لە گرنگترین گرووپەکانی خۆڕاگری لە ئێستادا دادەنرێت و لە لوبنان و ناوچەکە خاوەن هێز و کاریگەرییە و ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە بەرەی زایۆنیزم و ڕەوتی ستەمکاری جیهانی.
بە تێپەڕبوونی کات و شۆڕشی گەلی یەمەن و ڕووخانی حکومەتە ستەمکارەکەی ئەو وڵاتە، سعوودیە کە بەرژەوەندییەکانی خۆیی لە یەمەن لە مەترسیدا دەبینی، هێرشی سەربازیی کردە سەر ئەو وڵاتە و لە تاوانێکی دژە مرۆییدا تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی یەمەن کوژراون و بریندار بوون. تێکۆشەرانی ئەنساروڵڵا بەو ڕادەیە لە بەهێزبوون گەیشتوون کە بە ئاسانی ناوەندە هەستیارەکانی سعوودیە دەکەنە ئامانج و حکومەتی ڕیاز بەردەوام داوای ئاگربەست لەوان دەکات.
ئەمریکا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بەرەی خۆڕاگری پەنای هێنایە پێکهێنانی گەورەترین گرووپی تیرۆریستی بە ناوی داعش. بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکی شکستی داعش لانیکەم پێویستی بە 30 ساڵ کات هەبوو و چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد کە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە بەهێزتر و کاریگەرتر دەرکەوێت.
فەرماندەی بەرەی خۆڕاگری، شەهید حاجی قاسم سولێمانی، پاش دەستپێکردنی چالاکییەکانی داعش و داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی گرنگی سوریا و عێراق لە لایەن ئەم گرووپەوە، دەستبەجێ لەو دوو وڵاتە ئامادە بوو و لە گەڵ گەورە بەرپرسانی ئەوان کۆبووە کە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەش مەشق و ڕاهێنان و پێکهێنانی چەندین گرووپی نوێی خۆڕاگری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش بوو، ئەو گرووپانەش لە ژێر چەتری حەشدی شەعبیدا کۆکرانەوە و بوونە فاکتەرێکی بەهێزی سەقامگیری و پاراستنی یەکپارچەیی عێراق.
داعش کە بڕیار بوو 30 ساڵ لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە و چەندین وڵاتی گرنگ بە خۆوە سەرقاڵ بکات، بە تێپەڕبوونی چەندین ساڵ و بە هەوڵ و تێکۆشانی شەهید سولێمانی و گرووپەکانی خۆڕاگری شکستی هێنا و هیچ ناوچەیەکی لە کۆنتڕۆڵدا نەماوە.
جارێکی دیکە ئەمریکییەکان بۆ لەناوبردنی ڕۆڵی خۆڕاگری لە ناوچەکە، پەنایان بردە تیرۆری شەهید سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس. بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی ئەمریکییەکان، لە پاش شەهیدبوونی فەرماندەکانی سەرکەوتن لە دژی داعش، ڕۆڵ و کاریگەری بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە زیاتر بووە و بە ڕاشکاوانە هەڕەشەی تۆڵەی گەورە لە ئەمریکاش دەکەن.
لە پاش تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس، پیلانی ئەمریکا تووشی شکست بووە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە دەرکران و بە شکست و سەرشۆڕی بۆ ئەمریکا گەڕانەوە.
لە ئێستادا بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێک لە بەهێزبوون کە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی دژ بە تێکۆشەرانی فەڵەستینی داوای ئاگربەستی تاکلایانە دەکات و خۆی لە بەرامبەر بەرەی خۆڕاگری بە لاواز دەبینێت و دان بە لاوازی و شکستی خۆیدا دەنێت.
لە عێراق هێزەکانی ئەمریکا توانای ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی خۆڕاگرییان نییە و لە بەرامبەر چالاکییەکانی ئەوان بێدەنگن.
هێزەکانی سعوودیە لە شەڕی ڕاستەوخۆی دژ بە بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا خۆیان بە دوور دەگرن و بەردەوام لە پێگەکانیان پاشەکشە دەکەن.
ئەمڕۆ بەرەی خۆڕاگری لایەنگر و شوێنکەوتووی زۆری لە ئاستی جیهاندا هەیە و خەڵکی وڵاتانی دیکە بە بینینی بەرەی خۆڕاگری بۆ بەرگری لە ئامانج و پیرۆزییەکانی خۆیان هەوڵی پێکهێنانی گرووپەکانی هاوشێوە دەدەن.
بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک دەگات کە هێزەکانی ڕەوتی ستەمکاریی جیهانی لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بە تەواوی بکشێنەوە و ئەم ناوچەیە بە تەواوی لە بوونی ئەو خوێنڕێژانە پاک بکرێتەوە و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە بەدی بکرێت./.