بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زانایانی ئیسلامیی ئەو وڵاتانە ڕۆژی سێ شەممە 10 ی کانوونی دووەمی 2023 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری کابوڵ داوایان لە وڵاتانی ئیسلامی کرد کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ گرووپی تاڵیبان پتەو بکەن و دەسەڵاتەکەی لە ئەفغانستان بە فەرمی بناسن.
ئەوان هەروەها داوایان لە ئەمریکا کردووە کە پارە دەست بە سەرداگیراوەکانی ئەفغانستان ئازاد بکات تا کێشە ئابورییەکانی پێ چارەسەر بکرێت.
زانایانی ئەو چوار وڵاتە ئیسلامییە لە سەردانەکەیاندا بۆ ئەفغانستان لە گەڵ بەرپرسانی گرووپی تاڵیبان چەندین کۆبوونەوەیان هەبووە.
ئەو کەسانەش لە کاتێکدا داوای بە فەرمی ناسینی گرووپی تاڵیبانیان کردووە کە وڵاتانی ئیسلامی بە هۆی بڕیاری قەدەغەکردنی خوێندنی کچانەوە بە توندی ڕەخنەیان لەو گرووپە گرتووە و بە پێچەوانەی بەها ئیسلامییەکانەوە ناویان بردووە.
بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بە سەر دەسەڵاتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، تا ئێستا هیچ وڵات یان دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی ئامادە نەبووە بە فەرمی بیناسێت./.