بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی العربی الجدید لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: تەقینەوەکانی داعش بە زیاتربوونی کەلێنەکانی نێوان تاڵیبان و گەلی ئەفغانستان، هاوکاتە لە گەڵ چەندین دۆسیەی گرنگی وەک ڕێگریی تاڵیبان لە خوێندنی کچان و کارکردنی ژنان، بەدەر لەمەش تاڵیبان کێشەیەکی ئەوتۆی لە گەڵ ڕۆشنبیرانی ئەفغانستان نییە و ئەمەش وایکردووە کە ژمارەیەکی زۆر لەوان بۆ وڵاتانی دەرەوە کۆچ بکەن، هەروەها لە ماوەی ڕابردوو لاوازییەکانی تاڵیبان بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان ئاشکراتر بووە.
بیلال کەریمی جێگری وتەبێژی تاڵیبان و یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی ڕۆشنبیری سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش بە تایبەت ئەو هێرشەی کە لەم ماوەیەدا لە بەردەم بینای وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان ڕوویدا، وتی: تاڵیبان لەم ماوەیەدا شانە نوستووەکانی داعشی لە ناو بردووە و ئەم تیرۆریستانە چیدی وەک هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتی ئێمە نین.
بە بۆچوونی ناوبراو، چالاکییەکانی داعش دەتوانێت لە هەر ناوچەیەک بکرێت بەڵام تاڵیبان توانای جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە تەواوی ئەفغانستاندا هەیە و دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.
کەریمی وتی کە ئێمە دڵنیایی بە خەڵکی ئەفغانستان دەدەین کە داعش مەترسییەک لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ئەفغانستان نابێت و حکومەتی تاڵیبان دەزانێت کە چۆن مامەڵە لە گەڵ دۆخەکەدا بکات.
لە کاتێکدا کە تاڵیبان بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێرشە خۆکوژییەکەی بەردەم بینای وەزارەتی دەرەوە کە داعش بەرپرسیاریەتییەکەی لە ئەستۆ گرتووە، شکستی هێناوە و هێزە ئەمنییەکان ئەو پیلانەیان پووچەڵ کردووەتەوە و بەم هۆیەوە زیانەکانی زۆر کەم بووە، بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان بە العربی الجدید ی ڕاگەیاندووە کە هێرشەکە لە کاتی چوونەوەی فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرەوە بووە و زیانەکانی زۆرتر لەوەیە کە تاڵیبان باسی دەکات.
خالید زەدران وتەبێژی پۆلیسی کابوڵ پاش ئەو تەقینەوە وتی کە هێرشەکە 5 کوژراو و 10 برینداری لێکەوتووەتەوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسێکی دیکەی ئەفغانستان بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو کە لەو هێرشەدا 20 کەس کوژراون. هاوکات شاندی گەیاندنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لە هێرشەکەی بەردەم وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە کابوڵ 10 کەس کوژران و 53 ی دیکەش بریندار بوون.
فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرەوە، ئامانجی سەرەکی خۆکوژەکە بووە
عۆبەید ڕەحمان وەک شایەتحاڵێک بە العربی الجدید ی ڕاگەیاندووە کە ئامانجی تیرۆریستە خۆکوژەکە فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرەوە بووە و پێدەچێت کە بە پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی تاڵیبان تەنانەت هەوڵی چوونە ناوەوەی وەزارەتی دەرەوەی نەداوە.
ناوبراو وتی کە تاڵیبان هەوڵ دەدات مەترسییەکانی داعش بە بچووک ناو ببات.
جێی ئاماژەیە کە ئەم هێرشە لە کاتێکدا بووە کە بڕیار بووە کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان شاندێکی چینی لە گەڵ ئەمیر خان موتەقی وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان بەڕێوە ببرێت.
ئەگەر ئەمەش پشتڕاست بکرێتەوە، ڕەنگە پیشاندەری ئەوە بێت کە پلانداڕێژانی ئەو هێرشە هاوکات دەستی گەیشتووەتە چەند ئامانجێک و ئەویش لێدانی تاڵیبان و گەیاندنی پەیامێک بۆ چین بووە کە تاڵیبان لە ڕووی ئابورییەوە پشت بەم وڵاتە دەبەستێت.
داعش مانگی ڕابردووش ئەو هوتێلەی لە کابوڵ کردە ئامانج کە شوێنی مانەوەی بازرگانە چینییەکان بوو و 5 کەس لەوان بریندار بوون.
داعش لە ماگی ئابی 2021 و بە دەسەڵات گەیشتنەوەی تاڵیبان، پەرەی بە هێرش و چالاکییەکانی لە ئەفغانستان داوە تا پیشان بدات کێشەیەکی گەورەیە بۆ تاڵیبان کە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان باشتر بکات.
خەڵکی ئەفغانستان لە تاڵیبان بێهیوان
سەیفوڵڵا عەزیز شرۆڤەکارێک لە ئەفغانستان پێی وایە کە سیاسەتەکانی تاڵیبان خەڵکی بێهیوا کردووە و ئەم گرووپە هاوکاری خەڵک ناکات، بە تایبەت ئەوەی کە ئەفغانستان لە ڕووی هەژاری و بێکارییەوە لە دۆخێکی خەراپدایە.
ناوبراو وتی کە تاڵیبان ئەزموون و زانستی تەواوی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێرشەکانی داعش یان هەر گرووپێکی دیکە بە بێ هاوکاریکردنی خەڵک نییە و ئەمەش بە هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش سەلمێندراوە، لە بەر ئەوەی کە ئەندامانی داعش دەستیان گەیشتووەتە ناوەندە ئەمنییەکانی وەک فڕۆکەخانەی کابوڵ، وەزارەتی دەرەوە و هوتێلی مانەوەی چینییەکان.
سەیفوڵڵا عەزیز هەروەها پێی وایە کە ئەم ئامانجانەش چەندین پەیامی هەیە، لە بەر ئەوەی کە داعش دەستی گەیشتووەتە ئەو شوێنانەی کە گەیشتن بەوان ئاسان نییە و پیشان دەدات کە لە قۆناغی بە ئامانجگرتنی خەڵک و شوێنە ئائینییەکان تێپەڕ بووە.
نەبوونی پۆلیس و سوپای ڕێکخراو
هێرشەکانی ئەم دواییە هەروەها ئاماژەیەکە بۆ کەلێنە ئەمنییەکانی تاڵیبان، ڕەنگە نەبوونی سوپا و پۆلیسی ڕێکخراو یەکێک لە گرنگترینی کەلێنەکان بێت.
عەبدولجەبار ئەکبەری شرۆڤەکاری ئەمنی ڕایگەیاندووە کە ئەو گرووپەی کە هێرشەکان دەکات مەشق و ڕاهێنانی پێویستی هەبووە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەفغانستان پێویستی بە سوپایەکی ڕێکخراو، مەشقپێکراو هەیە تا بتوانێت دۆخی ئەمنی بەرەو باشتربوون ببات.
ناوبراو وتی کە لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم دۆخە، کەلێنێکی گەورە دەکەوێتە نێوان تاڵیبان و خەڵک، لە بەر ئەوەی کە خەڵک و ئەوانەی لە حکومەتدا بع بژێوی ژیان چالاکی دەکەن، قوربانیی هێرشەکانن و ئەمەش لە کاتێکدا کە لە سیستەمە ئەمنی و سەربازییەکاندا هیچ پێشکەوتنێک نابینرێت.
حەبیبوڵڵا هوتەک لە سەرکردەی هۆزەکانی ئەفغانستان پێی وایە کە کێشەکە تەنیا داعش نییە، لە بەر ئەوەی کە ئایدۆلۆژیای داعش لە ئەفغانستان سەرچاویەەکی نییە و زۆربەی خەڵک پاڵپشتیی ناکەن، بەڵکوو کێشەکە لە پەیوەندی نێوان خەڵک و تاڵیباندایە.
ناوبراو وتی کە ڕەنگە ئەمەش ببێتە هۆی ئەوەی کە گەنجە توندڕۆکان پەیوەندی بە داعشەوە بکەن./.