بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەڕێوەبەری سەنتەری ئابوری – سیاسی عێراق ژمارەی کۆمپانیا چالاکەکانی کەرتی گەشتیاری و ئەو کۆمپانیانەی کە بە هۆی کێشە داراییەکانەوە چالاکییەکانیان ڕاگرتووە، ڕاگەیاند.
وەسام حەدمل حلو وتی: بە پێی دوایین ئاماری فەرمی، ژمارەی کۆمپانیا ڕێگاپێدراو و چالاکەکانی کەرتی گەشتیاری لە عێراق گەیشتووەتە 978 کۆمپانیا و لەم ژمارەیەش 517 کۆمپانیا لە بەغدایە و ئەوانی دیکە کە 461 کۆمپانیان لە پارێزگاکانی عێراقن بەدەر لە هەرێمی کوردستان.
ناوبراو وتی: ژمارەی ئەو کۆمپانیانەی بە هۆی مایەپووچی یان نەبوونی قازانجەوە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو لە عێراق داخراون، گەیشتووەتە 453 کۆمپانیا و 525 کۆمپانیاش تا ئێستا درێژەیان بە چالاکییەکانی خۆیان داوە.
حلو وتی کە کەرتی گەشتیاریی عێراق هێندە لە لایەن کابینە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم وڵاتەوە ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و پلانێکی ڕاستەقینە و ستراتیژی بۆ زیندووکردنەوەی ئەم کەرتە بە تایبەت کۆمپانیاکانی کەرتی گەشتیاری نییە.
ناوبراو وتی: چالاکی کۆمپانیاکانی کەرتی گەشتیاری عێراق لە ساڵی 2014 و هاتنی گرووپی تیرۆریستی داعش دابەزی و بەمەش زیانێکی زۆری بەرکەوت، هەروەها لە ساڵی 2019 بە هۆی خۆپێشاندانەکان و دواتریش بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا تووشی قەیران بوو، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2022 بە هۆی ڕووداوە سیاسی و ئەمنییەکانیشەوە سەر لە نوێ کەرتی گەشتیاری عێراق زیانی زۆری بەرکەوت.
وتیشی کە ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە داهاتی کۆمپانیاکان لە گەڵ تێچووەکان و مووچەی فەرمانبەران و باجەکانی حکومەت یەک نەگرێتەوە و 453 کۆمپانیا بە ناچاری چالاکییەکانیان ڕاگرتووە و ڕەنگە ژمارەیەکی دیکەش بە ناچار پەنا بۆ وەها بڕیارێک ببەن و ئەمەش دوا جار دەگاتە ڕووخانی کەرتی گەشتیاری عێراق.
حلو داوای لە بەرپرسانی پەیوەندیدار لە حکومەت و لێژنەی گەشتیاری پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەستەی گەشتوگوزار کردووە کە پاڵپشتی لە کۆمپانیاکان بکەن و بە پەسەندکردنی یاسا و دەرکردنی ڕێکارنامەکان ئاسانکاری بۆ چالاکی کپمپانیا یاساییە و موڵەتدارەکان بکەن.
لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان بە بێ موڵەت و بە بێ ئەوەی کە باجێک بە حکومەت بدەن لە بەغدا و ناوەندی پارێزگاکانی دیکە چالاکی دەکەن و تەنانەت چاودێری لە سەر چالاکییەکانی ئەوانیش نییە./.