بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێراق بۆ دووەم هەفتەی بەردەوام ململانێیەکی سیاسی لە سەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لە خاکی ئەم وڵاتە بە خۆوە دەبینێت و سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک هاوپەیمانی سیاسی دەسەڵاتداری عێراق و لە سەروی ئەوانەوە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دیسانەوە داوایان لە سەرۆک وەزیران کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە عێراق دەربکرێن.
عائد هیلالی ئەندامی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سەر ئەم پرسە ڕایگەیاندووە کە جیاوازییەک لە نێوان هەڵوێستی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و هەندێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەبارەت بە بوون و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەیە، بە شێوازێک کە چەندین لایەنی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەخت لە سەر دەرکردنی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا دەکەنەوە و سودانی و چەند لایەنێکی دیکە داوای مانەوەی هێزەکان دەکەن و سەبارەت بە ژمارە، شوێنی جێگیربوون و چالاکیی هێزەکانی ئەمریکا دانوستان لە گەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکەن.
هیلالی وتی: سودانی و هەندێک لایەنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە نیگەرانییەوە لە پرسی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دەڕوانن و ڕایانگەیاندووە کە ڕەنگە ببێتە هۆکاری کێشە سیاسی، ئەمنی و ئابورییەکان بۆ عێراق و سودانی نایەوێت دۆخی عێراق قەیراناوی بێت بەڵکوو بۆ هەر ناکۆکییەک لە چوارچێوەی سیاسی و دیپلۆماسیدا هەوڵ دەدات.
ئەو ئەندامەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وتی: لایەنە سیاسییەکانی کورد و سوننە ڕەزامەندییان لە سەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا هەیە و ئەمەش بووەتە هۆکاری ناکۆکی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوەی ماف، وەک باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حزبوڵڵا، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەوە تۆمەتبار کردووە کە بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی سەبارەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا هەڵسووکەوتی کردووە.
ئەو سەرکردەی بزوتنەوەی ماف وتی: سودانی لە ئێستادا باس لە مانەوە و سنوردارکردنی چالاکییەکانی ئەو هێزانە دەکات، هەرچەندە ئەمە کارێکی ئەستەمە و هەر حکومەتێک باسی ئەمە بکات شکست دێنێت، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکییەکان ئەمەیان ناوێت.
وتیشی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە زووترین کات لە سەر ئەم هەڵوێستەی سەرۆک وەزیران کۆدەبێتەوە و گرووپەکانی خۆڕاگری هەڵوێستی خۆیان بە ڕاشکاوانە ڕادەگەێنن.
هەروەها نزار حەیدەر شرۆڤەکاری سیاسی ڕایگەیاندووە کە پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بووەتە خاڵێکی ناکۆکی نێوان محەممەد شیاع سودانی، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گرووپە چەکدارەکان. سودانی لە مەترسییەکانی هەر بڕیار و هەنگاوێک لە دژی هێزەکانی ئەمریکا ئاگادارە و هەر بۆیە دژایەتیی دەکات.
ناوبراو وتی کە ڕەنگە ناکۆکییەکانی نێوان سودانی و ئەو لایەنانە زیاتر ببێت و بگاتە ئاڵۆزیی میدیایی و تەنانەت جەماوەری و وەک گوشارێک لە سەر سەرۆک وەزیران خۆپێشاندان بەڕێوە بچێت و هەروەها چالاکییەکان لە دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەست پێبکاتەوە بە تایبەت ئەوەی کە گرووپەکانی خۆڕاگری بەو ئەنجامە گەیشتوون کە حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی بۆ کشانەوە و دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا جیدی نییە.
لە لایەکی دیکەوە مەهنا عەبدولکەریم شرۆڤەکاری عێراقی ڕایگەیاندووە کە لێدوانەکانی سودانی بۆ زۆربەی لایەنەکانی ئەم وڵاتە بابەتێکی چاوەڕواننەکراو بووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لێدوانەکانی سودانی لە دەرەوەی ئەو ڕێکەوتن و سیاسەتەیە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەیرەوی دەکات.
عەبدولزوهرە کەنانی شرۆڤەکاری عێراقی لەو بڕوایەدایە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بابەتێکی سەرەکییە بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ڕەنگە لێدوانەکانی سودانی ببێتە هۆی قەیرانێکی ناوخۆیی بۆ لایەنەکانی ئەم هاوپەیمانییە.
کەنانی ڕایگەیاندووە کە پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سیاسی و سەربازییەوە گەیشتووەتە وەڵامی عێراق بۆ تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس و دەرکردنی ئەو هێزانە دەبێت کاردانەوەی عێراق لە بەرامبەر تاوانی ئەمریکییەکان بێت.
وتیشی کە پەرلەمانی عێراق ئەو کاتەی کە سودانی ئەندامی بووە، ڕەزامەندیی لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەربڕیوە و حکومەت دەبێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات.
ئەحمەد سوهەیل کەسێکی دیکەیە کە لە سەر ئەم پرسە لێدوانی داوە و ڕایگەیاندووە کە سودانی ڕوبەڕوی چەندین قەیران بووەتەوە و لە ئێستادا پێویستی بە پاڵپشتی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان هەیە./.