بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئاڵۆزییەکانی نوێی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی فەڵەستینییەکان کە دوایین نموونەشی فەرمانەکەی ئیتمار بن گویر بۆ کۆکردنەوەی ئاڵای فەڵەستینییەکان لە شوێنە گشتییەکان بووە، ڕۆژی هەینی 13 ی کانوونی دووەمی 2023 ژمارەیەکی زۆر لە فەڵەستینییەکان لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی شاری قودس ئاڵای فەڵەستینیان هەڵکرد.
پێگەی ڕۆژنامەی ” القدس العربی ” بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی خۆپێشاندانەکانی قودس، ڕایگەیاند کە خاڵی گرنگ لە ناڕەزایەتییەکەی خەڵکی فەڵەستین، پێکەوەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی جولەکەکانی لایەنگری ڕەوتی چەپ لە گەڵ فەڵەستینییەکان بووە و هەمووان پێکەوە ناڕەزایەتییان لە دژی بڕیارەکەی وەزیری ئاسایشی ناوخۆیی ڕژێمی زایۆنیستی دەربڕی.
گەڕەکی شێخ جەڕاحی شاری قودس ڕۆژی هەینی دیسانەوە بووە شوێنی ناڕەزایەتی بەربڵاوی فەڵەستینییەکان و ژمارەیەک لە چالاکوانانی جولەکە. ئەو گەڕەکەش ساڵانێکە هەموو هەینییەک خۆپێشاندانی هاوبەشی چالاکوانانی فەڵەستینی و جولەکە لە دژی تەل ئەبیب بە خۆوە دەبینێت.
گرووپی جولەکەی ” ئازادی بۆ قودس ” کە لایەنگری ڕەوتی چەپە، لە میانەی پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ” هاتووین و بەردەوام دەستمان بەرز دەگرین “. وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵکردنی ئاڵای فەڵەستین لە خۆپێشاندانەکانی گەڕەکی شێخ جەڕاح.
بەدەر لەمەش سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ڕژێمی زایۆنیستی داوای خۆپێشاندان و ڕوبەڕوبونەوەی سەرتاسەریی لە ناوچە داگیرکراوەکان بۆ ڕووخانی حکومەتەکەی نتانیاهۆ کردووە. بابەتی گرنگ ئەوەیە کە دژبەرانی نتانیاهۆ داوای ڕوبەڕوبونەوەیان لە ڕێگای هاتنە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان کردووە.
دوایین کەس کە بۆ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان پەیامی بڵاو کردووەتەوە، ئیهود باراک سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ڕژێمی زایۆنیستییە. ناوبراو پێی وایە کە ” ناکۆکییەکانی ئێستا لە گەڵ حکومەتەکەی بنیامین نتانیاهۆ دەگاتە قۆناغی شەڕ و ئەمەش هۆشدارییەکی ڕاستەقینەیە لە بەر ئەوەی کە مەترسییەکە دەبینرێت و لە ئەگەری بێدەنگیی ئیسرائیلییەکان ڕەنگە ڕووداوی گەورەتریش ڕوو بدات، هەر بۆیە پێویستە ئیسرائیلییەکان چاوکراوە بن و بزانن کە لە کوێی ئەم شەڕەدان “.
باراک لە میانەی وتارێکدا ڕایگەیاند کە ” ئەوەی کە ئەمڕۆ لە دژی حکومەتی ئێستا دەیکەین گرنگترین شەڕی ژیانی ئێمەیە و ڕوبەڕوبونەوەش لە ڕێگای خۆپێشاندانی سەر شەقام، گۆڕەپانەکان، ڕێگاوبانەکان، شوێنی کارکردن و زانکۆکانەوە دەبێت “.
باراک و ئەو کەسانەی کە بانگەوازی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانیان داوە، لەو بڕوایەدان کە حکومەتەکەی نتانیاهۆ لە پێناو ئیرادەی زایۆنیستەکان هەنگاو نانێت بەڵکوو هاوپەیمانییەکە لە نێوان کەسانی گەندەڵ و ڕەگەزپەرست و هەر بۆیە دەبێت ڕوبەڕوی ببنەوە./.