بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاندووە کە شکستی دانوستانەکانی بەغدا و هەولێر سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2023، بووەتە هۆی ئەوەی کە حکومەتی عێراق نەتوانێت ڕەشنووسی بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق پێشتر بەڵێنی ئەوەی دابوو لە زووترین کاتدا ڕەشنووسی بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکات بە تایبەت ئەوەی کە ساڵی نوێ بە بێ بودجە دەستیپێکردووە و ساڵی ڕابردووش عێراق دیسانەوە بە بێ بودجە ئیدارە کرا و زۆربەی پرۆژە گرنگەکانی کەرتی ئاوەدانکردنەوە لە چاوەڕوانی بودجەدان.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، موعین کازمی ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە کە حکومەت بەڵێنی داوە کە لە زووترین کاتدا ڕەشنووسی بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکات و دەبێت هەولێر و بەغدا بە پێی ڕێکەوتنەکان کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنن.
ناوبراو وتی کە بە پێی ئەو ڕێکەوتنانە پشکی هەرێمی کوردستان لە سەدا 13 ی بودجەی عێراقە و لە بەرامبەردا دەبێت هەرێمی کوردستانیش پرۆسەی هەناردەی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان شەفاف بکاتەوە و ڕاپۆرتە پەیوەندیدارەکانی ڕادەستی حکومەتی بەغدا بکات، وێڕای ئەوەی کە ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەرانی حکومەتیش بدرێتە بەغدا.
کازمی وتی کە دانوستانەکان بەردەوام دەبن و تا هەفتەی داهاتوو دەگەنە ئەنجام.
جەمال کۆچەر ئەندامی دیکەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هەمان شێوە ڕایگەیاندووە کە دەبێت ناکۆکییەکان لە سەر بودجە بە لاوە بنرێت لە بەر ئەوەی کە بابەتی بودجە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی هەیە و زیاتر لەمەش چاوەڕوانی بۆ پەسەندکردنی بودجە باش نییە.
لە 11 ی کانوونی دووەمی ساڵی 2023 کۆبوونەوەی شاندەکانی هەرێم و ناوەند لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو. بە پێی ڕاگەیاندنی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەدا پرسی بودجەی ساڵی 2023 و چەندین دۆسیەی دیکەی نێوان هەر دوو لا تاوتوێ کراوە و جەختیش لە سەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی تایبەت بە نەوت و غاز کراوەتەوە.
پێشتریش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووە./.