پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ لە بڕیارەکەی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە دژی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، پەرلەمانی ئەورووپاش بڕیارێکی هاوشێوەی دەرکرد، ئەمەش پیشاندەری ڕاستییەکی هەمیشەییە کە ئەورووپا سیاسەتێکی سەربەخۆی نییە و شوێنکەوتووی واشنتنە. تەنانەت ئاستی گوێڕایەڵی ئەورووپا لە ئەمریکا هێندە زۆرە کە گرنگ نییە لە ئەمریکا کۆماریخواز لە سەر دەسەڵات بێت یان دیمۆکرات. لەم ماوەیەدا سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتانی ئەورووپی دەبێت لە ناساندنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، پەیوەندی بە ئێمەوە بکەن.
ئەگەرچی سەبارەت بەم بڕیارە هاوبەشەی ئەورووپی – ئەمریکی دەوترێت کە توانای جێبەجێکردنی نییە و تەنیا بابەتێکی ناپیشەیی و توندڕۆییە، بەڵام کارەکە لە بنەڕەتدا پیشان دەدات کە ڕۆژئاوا دەیەوێت گوشارەکان لە سەر ئێران لە پێناو سەپاندنی داواکارییەکانی خۆی لە ڕێکەوتنی ناوەکی و لاوازبوونی پێگەی ئێران زیاتر بکات.
ئەورووپا چەند بیانوویەکی وەک پاساوی بڕیارە دوژمنکارانەکەی لە دژی سوپای پاسداران هێناوەتەوە، ئەوان بانگەشەی ئەوە دەژەن کە سوپای پاسداران بەرپرسی تەقینەوەکان، هێرشە مووشەکییەکان، قاچاخی چەک، تیرۆر و هەروەها دابەشکردنی درۆنە خۆکوژەکانە و بەم هۆکارانە دەبێت سزا بدرێت، پرسیار ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر هەموو ئەمانەش ڕاست بن (کە قەد واش نییە) خۆ ئەنجامی چەند مانگ و چەند هەفتە و چەند ڕۆژی ڕابردوو نین، بۆ پەرلەمانی ئەورووپا تەنیا لەم چەند هەفتەیەدا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە دەبێت سوپای پاسداران سزا بدات؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە جێبەجێکارانی ئەم سیناریۆیە وەک ئەمریکییەکان دەیانەوێت لە پاش شکستی ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە، دژایەتیکردنی ئێران ببەنە قۆناغێکی دیکەوە و ئەمەش بە واتای سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکانی چەندین ساڵەی ئەمریکایە لە دژی ئێران.
پێش ئەمە و لەو کاتەی کە پیلانی ئاژاوەگێڕییەکان لە ناوخۆی ئێران لە لایەن دوژمنانەوە جێبەجێ دەکرا، دۆسیەی پێدانی درۆنی ئێرانی بە ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا هێنرایە پێشەوە کە ئەڵبەت شکستی هێنا، لەم ماویەدا ئەوەشیان باس کرد کە کەشتییەکی هەڵگری چەکی ئێران بۆ یەمەن دەستی بە سەردا گیراوە، ئەڵبەت ئەمەش لە لایەن هیچ سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو پشتڕاست نەکرایەوە. سەبارەت بە دۆرنی ئێرانیش حکومەتی ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەی یەکەمی تایبەت بە تاوتوێکردنی ئەم پڕوپاگەندەیە ئامادە نەبوو و لە کۆبوونەوەی دووەمیش هیچ بەڵگەیەکی ئەوتۆی نەخستەڕوو. هەر بۆیە تەنیا هۆکاری سەرەکی و سیناریۆی پشتەوەی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەورووپا پەیوەندی بە ڕێکەوتنی ناوەکی و زیاترکردنی گوشارەکان لە سەر ئێرانەوە هەیە.
لەوەی کە بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەورووپا چ چارەنووسێکی دەبێت، داهاتوو ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بە هیچ ئامانجێک ناگات، سەرەڕای ئەمەش ئێران هیچ کات لە بەرامبەر دوژمنایەتییەکانی ڕۆژئاوا دەستەوەستان نەبووە.
سوپای پاسداران گەورەترین دامەزراوەی دژ بە تیرۆریزمە لە جیهان و لە شەڕی بە گرووپی تیرۆریستی داعش ئەوەی سەلماندووە کە کێ دەسەڵاتەکەی داعشی لە سوریا و عێراق تووشی شکست کردەوە. ئەڵبەت لە هۆکاری توڕەیی ڕۆژئاواش لە سوپا تێدەگەین، ئەوان پێکهێنەر و دامەزرێنەری گرووپە تیرۆریستییەکانن لە ناوچەکە و نایانەوێت کە دامەزراوەیەکی وەک سوپا پیلانەکانیان بەرەو شکست ببات. مێژوو ئەوەشی سەلماندووە کە ئێران لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەهێزتر و خۆڕاگرتر بووە و نموونەشی شکستی سیاسەت و گوشارەکانی سەردەمی ترەمپە کە خۆی ڕایاگەیاند قورسترین سزا و گەمارۆکانی مێژووە بەڵام ترەمپ کەوتە زبڵدانی مێژوو و ئێران درێژە بە ڕێگای خۆی دەدات و سەرجەم پیلانەکانیشی بە تایبەت لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو لە گۆڕ ناوە./.