بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان لە بەرامبەر سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە وڵاتی سوید هاتە دەنگ.
لە بەیاننامەیەکی حزبوڵڵای لوبناندا هاتووە کە حزبوڵڵا بە توندی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید ئیدانە دەکات و ئەم تاوانە قێزەڤنە لە دژی ئیسلام و پیرۆزییەکانی شەرمەزار دەکات.
خۆڕاگری لوبنان جەختیکردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە لە درێژەی ئیهانەکردن و دەسدرێژییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ سەر پیرۆزییەکانی موسڵمانان و ئەم ئیهانەکردنەی ئۆممەی ئیسلامی لە سەرتاسەری جیهان لە ڕۆژئاواوە تا ڕۆژهەڵات بە هیچ شێوازێک قبووڵکراو نییە و نابێت لە بەرامبەریدا بێدەنگ بین.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە بەرپرسیاریەتی ئەم کارە قێزەڤنە لە ئەستۆی حکومەتی سویدە و دەبێت لە زووترین کاتدا سزای ئەنجامدەرانی بدات و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی لە داهاتووشدا بکرێت.
حزبوڵڵا داوای لە وڵاتانی ئیسلامی، کەسایەتییەکان و دامەزراوە ئیسلامییەکان کردووە کە ئیدانەی ئەم سووکایەتییە بە قورئانی پیرۆز بکەن و لە پێناو هاندانی ڕای گشتی جیهان بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەنگاو بنێن./.