بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرجەم بزوتنەوە ئازادیخوازەکانی جیهانی ئیسلام، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین، لە ڕوانگەی وڵاتانی ڕۆژئاواوە، بزوتنەوەی تیرۆریستین تەنیا بە هۆی ئەوەی کە ئیرادەی خۆڕاگرییان لە بەرامبەر ڕەوتی ستەمکاری جیهانی هەیە. ئەمڕۆش سەرجەم ڕێکخراوەکان و بزوتنەوەکان، حزب و کەسایەتییەکان کە لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی لە فەڵەستین خۆڕاگری دەکەن، لە ڕوانگەی ڕۆژئاوا، ڕێکخراو و بزوتنەوە و حزب و کەسایەتی تیرۆریستین.
لە ئێستادا سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە گەورەترین نەیارانی ڕژێمی زایۆنیستی لە فەڵەستین و لە گەورەترین دژبەرانی زاڵبوونی هەژموونی ئەمریکا و ڕۆژئاوایە لە ناوچەکە و لە گرنگترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی بەرەی خۆڕاگرییە لە ئێران تا عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن و هەر ئەم بەرەی خۆڕاگرییە کە بەردەوام هەوڵی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕۆژئاوای بۆ زاڵبوون بە سەر ناوچەکە و گەلەکانیدا داوە.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە شرۆڤەی هۆکارە سەرەکییەکەی بڕیاری ئەم دواییەی پەرلەمانی ئەورووپا لە دژی سوپای پاسداران و ناوهێنانی لە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکان، بە ئاماژە بەم ڕاستییە ڕایگەیاند کە ” هۆکاری سەرەکی توڕەیی بەرەی جیهانیی تیرۆریستان لە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بەو هۆیەوە بووە کە سوپا گەورەترین دامەزراوەی دژ بە تیرۆریزم لە جیهانە و ڕژێمی ڕەگەزپەرستی زایۆنیستیش گەورەترین شووناسی تیرۆریستییە لە جیهان، ڕژێمی بەریتانیا دامەزرێنەر و ڕژێمی ئەمریکاش گەورەترین لایەنگر و پشتیوانیە “. هۆی توڕەبوونی بەرەی جیهانیی تیرۆریزم ئەوەیە کە سوپا گەورەترین دامەزراوەی دژ بە تیرۆریزمە لە جیهان.
سوپای پاسداران بە شایەتی هەمووان، بەردەوام ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی ڕۆژئاوایی – کە لە ڕژێمی زایۆنیستی و گرووپە توندڕۆکانی وەک داعش خۆی دەبینێتەوە – بووە و بەردەوام لە گەڵ سوپا نیشتمانییەکان و گرووپەکانی خۆڕاگری لە وڵاتانی ناوچەکە بۆ بەرگری لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری ئەو وڵاتانەی کە کەوتوونەتە بەر هێرشی وڵاتانی ڕۆژئاوا، خەباتی کردووە و بەرگریی لە ژیانی کەسانی سڤیل لە گەر ئائین و نەتەوەیەک کردووە و ڕێگریشی لە مسۆگەربوونی پیلانەکانی ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنیستی و گرووپە تیرۆریستی و توندڕۆکان لە ناوچەکە کردووە.
ئەمڕۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا هەست بەوە دەکەن کە کاتی تۆڵەسەندنەوە لە هێزە گەورەکەی ناوچەکە کە خەباتی دژ بە تیرۆریستانی کردووە، گەیشتووە و بەم هۆیەوە هەوڵ دەدەن کە خۆیان لە ڕێگای ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە بە دەزگا هەواڵگرییەکان و سیخوڕەکانی خۆیان لە ئێران کردوویانە و چاودێری دەکەن، سەرقاڵ بکەن و بە بیانووی مەرگی کچێکی گەنج و بە کەڵک وەرگرتن لە میدیاکانی خۆیان و پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت سعوودیە، ڕوویان هێناوەتە شەڕی دەروونی.
ئەو خەونەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ دژایەتی گەورەترین هێزی ناوچەکە کە لە بەرامبەر پیلانەکانی ئەوان ڕاوەستاوە، هێندەی نەخایاند و گەلی ئێران بە بڕیاری بوێرانەی پاڵپشتیکردن لە سوپای پاسداران ئەو خەونەی دیسانەوە لە گۆڕ نا.
بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەورووپا بە هەر هۆکارێک بێت، هیچ کات ناتوانێت کاریگەری لە سەر سوپای پاسداران دابنێت و لە دانوستانەکانی ناوەکیش ناتوانێت پاشەکشە بە ئێران بکات و ئیمتیازێک وەربگرێت یان وابکات کە ئێران واز لە پاڵپشتیکردنی گەلانی زوڵملێکراو بە تایبەت گەلی فەڵەستین بێنێت یان وا لە کۆماری ئیسلامی ئێران بکات کە بڕیارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە قبووڵ بکات. هەر بۆیە ئەم بڕیارە بەدەر لە شکست و سەرشۆڕی بەرهەمێکی دیکەی بۆ وڵاتانی ئەورووپی نابێت و ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەورووپا سەربەخۆ نییە و شوێنکەوتووی ئەمریکایە./.