بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بازاڕی کرمان لە گەورەترین و کۆنترین بازاڕەکانی ئێران و ئەم شارەیە کە لە ڕیزی بەنرخترین ئاسەوارە مێژووییەکان لە ناوەڕاستی ئێراندایە. بە هۆی بەربڵاویی ئەم بازاڕەوە لە چەندین شوێنی شاری کرمانەوە دەتوانرێت سەردانی بکرێت.
مێژووی بازاڕی گەورەی کرمان
بەشی گەورەی بازاڕی کرمان لە سەدەی هەشتەمی کۆچی بە دواوە و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی پاشا جیاجیاکاندا لە ئێران بونیاد نراوە و بەم هۆیەوە دەتوانین بڵێین کە ئەم بازاڕە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 600 ساڵ دەگەڕێتەوە. بە پێی ئەوەی کە بەشەکانی دیکەی بازاڕ و بە درێژایی مێژوو و لە سەردەمە جیاجیاکاندا پێی زیاد کراون، هەر گۆشە لەم بازاڕە مێژووییە بەنرخە، پیشاندەری هونەری بیناسازی سەردەمێکە و بەم هۆیەوە سرنجی هەر بینەرێک بۆ خۆی ڕادەکێشێت.
بازاڕی گەورەی کرمان لە ڕووی بیناسازییەوە
بازاڕی کرمان نموونەیەکی دەگمەنی هونەری بیناسازی ئێرانی – ئیسلامی لە سەردەمە مێژووییە جیاجیاکاندایە و لە چەندین بەشی جیاجیا درووست کراوە. سەرا یان ڕاستە بازاڕ لە ڕاستیدا هەمان ڕێگای درێژەکانن کە لە دوو بەشی ئەم بەر و ئەو بەریدا دووکانەکان لە تەنیشت یەکتردان. ئەو شوێنەی کە ڕاستە بازاڕەکان لێک جیا دەکاتەوە بە چوار سو ناو دەبرێت. تیمچەکانیش شوێنێکی سەرپۆشراو و بچووکن کە لە هەر یەک لەوان کاڵایەکی تایبەت دەخرێتەڕوو و بەراورد بە بەشەکانی دیکە جوانتر و ڕازاوەترن.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بازاڕی گەورەی کرمان ئەوەیە کە لە یەک شێواز واتە لە خشت کەڵک وەرگیراوە. تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم بازاڕە ئەوەیە کە بە هۆی کەشوهەوای گەرمی کرمان بە شێوازێک درووست کراوە کە زیاترین سێبەری هەیە و پلەکانی گەرما تێیدا زۆر نزمە.
شوێنە گەشتیارییەکانی بازاڕی کرمان
بازاڕی نەقارەخانە
ئەگەر لە دەروازەی گۆڕەپانی ئەرگ یان قەڵا سەردانی بازاڕی کرمان بکەن، کاتی گەیشتن دەروازەیەکی گەورە و بەرز و ڕازاوە بە هونەری کاشی دەبینن، ئەمەش پەیوەندی بە بازاڕی نەقارەخانەوە هەیە کە شێوازی بیناسازییەکەی لە سەردەمی حکومەتی قاجاڕ دەچێت و ڕەنگە ئەم بەشەی بازاڕی کرمان لە سەردەمی قاجاڕ درووست کرابێت.
بازاڕی مسگەری کرمان
بازاڕی مسگەری لە گرنگرین و بەناوبانگترین بەشەکانی بازاڕی کرمانە کە دووکانەکانی بە کەلوپەلی جوانی مسی ڕازاونەتەوە. لە شوێن بە شوێنی ئەم بازاڕە دەنگی چەکوشی پیشەگەرانی مس دەبیسترێت و هەندێکی دیکە سەرقاڵی سپیکردنەوەی کەلوپەلە مسییەکانن.
بازاڕی ئاڵتوون فرۆشەکان یان قەیسەری
بازاڕی قەیسەری یان ئاڵتوون فرۆشەکان کە بە ناوی بازاڕی ئیبراهیم خانیش دەناسرێت، لە جوانترین بەشەکانی بازاڕی کرمانە. ئیبراهیم خان زەهیردەوڵە دەسەڵاتداری کرمان لە سەردەمی فەتحعەلی شای قاجاڕ بووە. ناوبراو لە سەردەمی دەسەڵاتەکەی خۆیدا بینای بەشکۆ و جوانی لەم شارەدا کردەوە. کۆمەڵەی ئیبراهیم خان لە بازاڕی گەورەی کرمان کە بازاڕی ئاڵتوون فرۆشەکان بە بەشێکی دادەنرێت، لە ڕیزی ئەواندایە کە لە لایەن ئیبراهیم زەهیردەوڵەوە درووست کراوە. ئەم بازاڕە بە گرنگترین شوێنی کڕین و فرۆشتنی ئاڵتوون لە کرمان دادەنرێت.
کۆمەڵەی گەنجعەلی خان
بێگومان بەشکۆترین و جوانترین بەشی بازاڕی کرمانە و کەوتووەتە ڕیزی ئاسەوارە مێژووییەکانی ئێران بە هۆی شێوازی دەگمەنی بیناسازیی ئێرانی – ئیسلامی. کۆمەڵەی گەنجعەلی خان لە نێوان ساڵانی 1005 تا 1029 ی کۆچی مانگی لە سەردەمی دەسەڵاتی کەسێک بە ناوی گەنجعەلی خان لە کرمان بونیاد نرا. لەو کاتەدا حکومەتی سەفەوییەکان بووە و حاکمی ئەو سەردەمەش شا عەباس بووە و فەرمانی درووستکردنی ئەم کۆمەڵەیەش لە لایەن شا عەباسەوە دەرکرا. ئەم کۆمەڵە بەشکۆیە کەوتووەتە نێوان ڕاستە بازاڕی باکور باشور و ڕاستە بازاڕی ڕۆژهەڵات ڕۆژئاوا. لە بەشی ڕاستی بازاڕی گەنجعلی خان گەرماوێکی مێژوویی هەر بەم ناوە هەیە و لە ڕیزی ئاسەوارە بەنرخە مێژووییەکانی ئێراندایە.
خوێندنگە، کاروانسەرا و مزگەوتی گەنجعەلی
لە ڕۆژهەڵاتی گۆڕەپانی گەنجعەلی بینایەکی دوو نهۆمی و کۆن بە چوار هۆڵی ناسراو بە هەیوان هەیە کە لە ڕابردوودا کاروانسەرا و خوێندنگە بووە. ئەم بینایە لە ساڵی 1007 ی کۆچی مانگی کراوەتەوە و تێیدا چەندین بەردەنووسی جوان و بەنرخ دەبینرێت کە لە سەر دەستی عەلیڕەزا عەباسی خۆشنووسی بەناوبانگی سەردەمی حکومەتی سەفەوییەکان نووسراوە.
مزگەوتی گەنجعەلی خانیش لە بەشە جوانەکانی دیکە ئەم کۆمەڵەیە کە کەوتووەتە بەشی ڕۆژهەڵاتی گۆڕەپانەکەوە و لە تەنیشت خوێندنگەی گەنجعەلی خاندایە. ڕوبەری مزگەوتەکە 37 مەتری چوارگۆشەیە و لە ڕووی جوانکاری و بیناسازییەوە تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە.
کۆمەڵەی وەکیلی کرمان
بازاڕ و کۆمەڵەی وەکیلی کرمان لە ڕۆژهەڵاتی کۆمەڵەی گەنجعەلی خان و لە درێژەی بازاڕی گەورەی ئەم شارەدایە کە لە سەر فەرمانی ئیسماعیل خان وەکیل ئەلمولک درووست کراوە، ناوبراو لە ساڵی 1282 ی کۆچی مانگی دەسەڵاتداری کرمان بووە. ئەم کۆمەڵەیەش چەندین بینای وەک بازاڕ، کاروانسەرا، گەرماو و مزگەوت لە خۆ دەگرێت.
گەرماوی کۆمەڵەی وەکیل لە ڕیزی جوانترین گەرماوە درووستکراوەکانی سەردەمی حکومەتی قاجاڕە لە ئێران. کاروانسەرای کۆمەڵەی وەکیلی بازاڕی کرمان بە گرنگترین و سەرەکیترین بەشی ئەو کۆمەڵەیە دادەنرێت. خوێندنگەی حەیاتی کرمانی بە یەکێکی دیکە لە بەشەکانی ئەم کۆمەڵەیە دادەنرێت کە بیناکەی سەرەتا وەک شوێنی لقی بانکی شاهانەی ئێران و بەریتانیا کەڵکی لێ وەردەگیرا و دواتر لە ساڵی 1320 ی کۆچی هەتاوی بۆ خوێندنگەی کچان گۆڕدرا. بی بی جان حەیاتی کرمانی لە شاعیر و نووسەرە ناسراوەکانی کرمان بووە و خوێندنگەکە بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی ئەو کراوەتەوە.
بازاڕی مزەفەریی کرمان
لە بەشەکانی دیکەی بازاڕی گەورەی کرمان کە لە ڕووی بیناسازییەوە زۆر بەنرخ و جوانە، دەتوانین ئاماژە بە بازاڕی مزەفەری بدەین. ئەم بازاڕە لە بەشی کۆتایی بازاڕی وەکیل دەست پێدەکات و تا سەرەتای شەقامی میرزا ڕەزای کرمانی درێژەی هەیە. بازاڕی مزەفەری لە لایەن ئەمیر موبارزەدین محەممەد مزەفەر لە ساڵی 750 ی کۆچی مانگی درووست کراوە. لە بەشە گرنگەکانی ئەم بازاڕە دەتوانین ئاماژە بە تەکیەی تەعزیەخانە، مزگەوتی گشتی، خوێندنگە و بازاڕی قەدەمگا بدەین کە بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەمانە ڕووخاون.
بازاڕی عەزیزی کرمان
بازاڕی عەزیز بەشێک لە ڕاستەی باکور – باشوری بازاڕی گەورەی کرمانە کە لە نزیک دەروازەی باکوری شاری کرمانی کۆندایە بە ناوی دەروازەی خۆراسان. بازاڕی عەزیز بە 70 ژوور لە ڕابردوودا یەکێک لە گەشەسەندووترین بەشەکانی بازاڕی کرمان بووە.
بازاڕی قەڵا
لە بەشی ڕۆژئاوای بازاڕی کرمان، بازاڕێک هەیە بە ناوی بازاڕی ئەرگ یان قەڵا. ئەم بازاڕە لە گۆڕەپانی قەڵا دەست پێدەکات و تا چوار سووی گەنجعەلی خان درێژەی هەیە. ئەم بازاڕە لە دوو بازاڕی لاوەکی بە ناوەکانی بازاڕی نەقارەخانە بازاڕی سەراجی پێکهاتووە. بازاڕی نەقارەخانە لە سەرەتای بازاڕی قەڵادایە و لە ڕابردوودا کاتی ئێواران لە سەر بانی بازاڕەکە نەقارەیان لێدەدا تا کاتی داخستنی بازاڕەکە ڕابگەێنن و بەم بۆنەوە بە بازاڕی نەقارەخانە ناوبانگی دەرکرد.
بازاڕی سەردار
بازاڕی سەردار بەشێکە لە بازاڕی گەورەی کرمانە کە خۆی چەند بازاڕی بچووک و جیا لە یەکتر لە خۆ دەگرێت. ئەوەی کە گومەزەکانی بەشە جیاجیاکانی ئەم بازاڕە بە کاشی ڕازاوەتەوە بە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دادەنرێت. بازرگانیی قوماش لە مێژەوە لەم بازاڕەدا گەشەی هەبووە.
بازاڕی قەڵای مەحمود
بازاڕێکی کۆن و سەرپۆشراوە کە لە بەشی باشوری ڕاستەی باکور – باشوری بازاڕی کرماندایە. هەندێک ئەم بازاڕە بە ناوی دەروازەی ڕیگ ئاوا دەناسن. ئەم بازاڕە لە ڕابردوودا گەشەی زۆری هەبووە و ئەمڕۆ تەنیا بەشێک لە ئاسنگەرەکان بە شێوازی کۆن تێیدا چالاکی دەکەن. ئەم بازاڕە بە شێوازێکە کە دەڵێی بۆ سەردەمی کۆن دەگەڕێیتەوە.
بازاڕی گۆڕەپانی قەڵا
بازاڕی گۆڕەپانی قەڵا لە کۆنترین و درێژترین بەشەکانی بازاڕی کۆنی کرمانە و لە گەڕەکێکدا بە ناوی گۆڕەپانی قەڵادایە و ئەمەش وایکردووە بە ناوی بازاڕی گۆڕەپانی قەڵا بناسرێت. بازاڕی گۆڕەپانی قەڵا کەوتووەتە بەرامبەری بازاڕی قەڵای مەحمود.
لە ڕابردووەوە تا ئێستا بازاڕی کۆنی کرمان شوێنی کڕین و فرۆشتنی قوماش، پیشەسازی دەستی و کەلوپەلی مسی بووە و ئێستاش وایە. هەر ئێستاش دووکانەکانی فرۆشتنی قوماش، پیشەسازی دەستی و کەلوپەلی مسی بەشێکی زۆری ئەم بازاڕە پێک دێنن. ئەم بازاڕە هەروەها شوێنی دابەشکردنی بەهاراتی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێرانە. ئەوانەش دیاری تایبەتی کرمانیان دەوێت دەتوانن سەردانی ئەم بازاڕە بکەن./.