بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە 26 ی کانوونی دووەمی 2023 لە میانەی بەشداریی لە بیست و نۆیەمین کۆنفرانسی سەرتاسەری نوێژ، وێڕای ئیدانەکردنی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە ئەورووپا کە بانگەشەی ئازادبوون دەکات، وتی: ئەوانەی کە سووکایەتی بە قورئان و پێغەمبەری ئازیزی ئیسلام (د.خ) دەکەن، بزانن کە سووکایەتی بە سەرجەم ئائینە ئاسمانییەکان و مرۆڤایەتی دەکەن.
ناوبراو وتی: ئەم کارە قێزەڤنە و ئەوەی کە هاوشێوەی ئەم سووکایەتییە لە ڕابردوودا کراوە، بە ناوی ئازادی ڕادەربڕینەوە دەکرێت و لە ڕاستیدا خەراپترین جۆری سووکایەتیکردنە بە مرۆڤایەتی.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە سەرتاسەری جیهان هیچ کەس کاری لەم شێوەیە قبووڵ ناکات، لە بەر ئەوەی کە دژی ئازادی ڕادەربڕین و سنوردارکردنی ئازادی ڕادەربڕینە لە کۆمەڵگای مرۆیی، سووکایەتیکردن بە قورئان و ئائینە ئاسمانییەکان، هەنگاوێکی قێزەڤن و ئیدانەکراوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەورووپییەکان کە خۆیان بە لایەنگری مافی مرۆڤ دەزانن، دەبێت وەک تۆمەتبارێک وەڵامدەرەوەی ڕای گشتی و موسڵمانان بن./.