بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەسام سەباغ باڵیۆزی سوریا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کاروباری سیاسی و مرۆڤدۆستانە لە سوریا، وتی کە سیاسەتی هەڵەی ئەمریکا لە جیهان و ناوچەکە بە تایبەت سوریا بووەتە هۆی ناسەقامگیری و لەناوبردنی ئەو دەسکەوتانەی کە لە میانەی دەیان ساڵدا بە دەست هاتووە.
ناوبراو وتی: حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا سیاسەتی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە و خوڵقاندنی قەیران لە سوریا پەیرەو دەکەن و لە ڕێگای میدیاکانی خۆیانەوە ڕای گشتی لە پێناو تێکدانی ڕواڵەتی حکومەتی سوریا بە لاڕێدا دەبەن، ئەم سیاسەتە ناپاکانەیە بووەتە هۆی لەناوچوونی سەرجەم دەسکەوتە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان و لە ئاکامدا سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک بەرەی نوسرە و داعش.
باڵیۆزی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: سوریا لە کاتێکدا ئەم هەموو تاوان و دەسدرێژییانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئیدانە دەکات، داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات کە ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی لە پێناو ڕێزگرتن لە سەروەری، سەربەخۆیی، یەکگرتوویی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا جێبەجێ بکات./.