بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی یەک شەممە 29 ی کانوونی دووەمی 2023 گرێبەستی وەبەرهێنانی غاز لە نێوان وەزارەتی وزەی لوبنان و کۆمەڵەیەکی هاوبەش لە کۆمپانیاکانی وزەی قەتەر، تۆتاڵی فەرەنسا و ئینی ئیتالیا لە بەیروت واژۆی لە سەر کرا کە بە پێی ئەو گرێبەستەش پرۆسەی وەبەرهێنانی غاز لە بلۆکەکانی 4 و 9 ی لوبنان دراوەتە ئەو کۆمەڵەیە و تێیدا هاتووە کە پشکی لوبنان لە سەدا 35، کۆمپانیاکانی تۆتاڵ و ئینی لە سەدا 35 و وزەی قەتەریش لە سەدا 30 دەبێت.
گرێبەستەکە لە کاتێکدا واژۆ کراوە کە کۆمپانیایەکی ڕووسیا هاوینی ڕابردوو وازهێنانی خۆیی لە پرۆژەکە ڕاگەیاند و کۆمپانیای وزەی قەتەر لە ڕۆژانی ڕابردوو ئامادەیی خۆیی بۆ بەشداری لە پرۆژەکەدا دەربڕی.
وردەکاری ئەم گرێبەستە چییە و ئایا دەتوانێت کۆتایی بە قەیرانی ئابوریی لوبنان بێنێت؟
بە پێی ئەو زانیارییانەی بڵاو بووەتەوە، سێ کێڵگەی غازی لە بلۆکی ژمارە 9 کە کەوتووەتە باشوری لوبنان، خاوەن یەدەکی 4 ترلیۆن و 400 ملیار مەتری سێجایە و ئەوەش زیاترە لە یەدەکی کێڵگەی غازیی کاریش کە کەوتووەتە باکوری فەڵەستینی داگیرکراو.
کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسا پرۆژەیەکی بە حکومەتی لوبنان پێشنیار کردووە کە تا کۆتایی ساڵی 2023 پرۆژەی هەڵکەندنی بیرەکان تەواو دەبێت. بە پێی ڕێکەوتنی نێوانیان، سوودی فرۆشتن و هەناردە لە پاش پرۆژەی هەڵکەندنی بیرەکان، دەرهێنان و دیاریکردنی ڕێژەی غازەکە ڕوون دەبێتەوە و پشکی لوبنان لە فرۆشتنی غاز لە نێوان لە سەدا 54.9 تا 62.7 خەمڵاندنی بۆ کراوە.
بە پێی ئامار و داتاکانیش دەتوانین بڵێین کە داهاتی لوبنان لە فرۆشتنی غازی تەنیا سێ کێڵگەی غازی ملیارەها دۆلار دەبێت و بۆ لوبنانی ناسراو بە بوکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسکەوتێکی زۆر گەورە دەبێت.
کەرتی ئابوری لوبنان لە ساڵانی ڕابردوو قەیرانێکی زۆری بە خۆوە بینی کە زیاترین زیانی بە چینی مامناوەندی کۆمەڵگای ئەم وڵاتە گەیاندووە و بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتیشەوە و گرنگینەدان بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی، لوبنان بەسراوەی هاوردە و هاوکارییە دەرەکییەکان بووە.
گوشارەکانی بەرەی وڵاتانی ڕۆژئاوا – عەرەبی لە ساڵانی ڕابردوو
بە شکستی پیلانە جۆربەجۆرەکانی وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە و ئەمریکا بۆ لەناوبردنی خۆڕاگریی ئیسلامی لە ڕێگا سیاسی و سەربازییەکانەوە، گوشارێکی زۆری ئابوری خرایە سەر لوبنان بە ئامانجی جیاکردنەوەی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی بزوتنەوەی حزبوڵڵا و خۆڕاگری و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی، ئەمەش وەک سیاسەتێک بە ئاشکرا لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە جێبەجێ کرا. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە کشانەوەی سەرمایەی وڵاتانی عەرەبی لە لوبنان و گوشارە سیاسییەکانی ئەمریکا لە سەر حکومەتی لوبنان و ڕێگری لە ڕاکێشانی سەرمایەی وڵاتانی دیکە بدەین.
هەروەها بەرەی وڵاتانی ڕۆژئاوا – عەرەبی لە ڕێگای لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە خۆیانەوە وەک پارتی ” القوات ” بە پەرەپێدانی ناکۆکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دۆخی ناوخۆیی لوبنانیان زیاتر ڕوبەڕوی قەیران کردەوە.
ڕیاز سەلامە سەرۆکی بانکی ناوەندیی لوبنان دەتوانین بە یەکێک لە گوشارەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەر لوبنان ناو ببەین، ناوبراو کە بە پاڵپشتی تەواوی ئەمریکا لە ساڵی 1993 تا ئێستا سەرۆکی بانکی ناوەندییە، لە ساڵانی ڕابردوو بە دەسەڵاتێکی تەواو و پاڵپشتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان سیاسەتێکی تەواو هەڵەی جێبەجێ کرد و بە کردەوە لوبنانی کردە وڵاتێکی مایەپووچ لە سەر ئاستی جیهان.
یەکێک لە سیاسەتە هەڵە داراییەکانی لوبنان کشانەوەی سەرمایەی بانکەکانی ئەم وڵاتە بۆ دەرەوە و بەرزبوونەوەی هەرە زۆری نرخی دۆلار و دراوە بیانییەکان لە بەرامبەر دراوی نیشتمانی بووە، بە شێوازێک کە بانکەکان بە ڕاشکاوانە باسی ئەوەیان دەکرد خەڵک ناتوانن پارەکانی خۆیان وەک دراوی بیانی ببەنەوە.
هەروەها لە تشرینی یەکەمی 2019 و سەرهەڵدانی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان لە لوبنان نرخی دۆلار لە ناکاو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینی و لە 1500 لیری ساڵی 2019 گەیشتە 38 هەزار لیری ساڵی 2022 و لە یەک مانگی ڕابردووش بۆ یەکەم جار لە مێژووی لوبنان ئەو نرخە گەیشتە 62 هەزار لیر.
هەرچەندە ڕیاز سەلامە بە هۆی سپیکردنەوەی پارە و دزییەوە لە لایەن ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپییەوە چاودێری دەکرێت و تەنانەت لە فەرەنسا ئەو چاودێرییە لە لایەن دەزگای دادەوە دەکرێت، بەڵام بە هۆی پاڵپشتییەکانی ئەمریکاوە هیچ سەرۆک کۆمارێکی لوبنان توانای گۆڕینی ناوبراویان نەبووە و ئەگەر ویستی وەها بڕیارێکیان هەبوایە، ئەمریکییەکان هەڕەشەی کاردانەوەی توندیان دەکرد.
ئەوانەی باس کرا تەنیا بەشێکە لەو قەیرانەی کە لە ساڵانی ڕابردوو ڕوبەڕوی لوبنان بووەتەوە، ئێستا بە جیدیبوونی پرسی دەرهێنانی نەوت و غاز هیوایەک لە دڵی خەڵکی لوبنان بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابوری زیندوو بووەتەوە. داهاتی کێڵگە غازییەکان دەتوانێت سەربەخۆییەکی ئابوری بە لوبنان ببەخشێت بەڵام گەورەترین بەربەستی بەردەم ئەم ئامانجەش دەستێوەردانی دەرەکی، ناکۆکی ناوخۆیی و گەندەڵییە لەم وڵاتە و بۆ بینینی ئەنجامەکانی واژۆکردنی گرێبەستە ئاماژەپێدراوەکە دەبێت چاوەڕوانی ڕووداوەکانی داهاتوو لە لوبنان بین./.