بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیاکانی پاکستان ڕایانگەیاند کە پەرویز موشەڕەف سەرۆک کۆماری پێشووی ئەم وڵاتە لە نەخۆشخانەیەکی شاری دۆبەی کۆچی دوایی کردووە.
موشەڕەف لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەمریکا لە شاری دۆبەی چارەسەری بۆ دەکرا. ناوبراو بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 79 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
پەروێز موشەڕەف لەدایکبووی 11 ی ئاب ی ساڵی 1943 و دوانزەیەمین سەرۆک کۆماری پاکستان بووە. ناوبراو هەروەها سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان و چوارەم ژنڕاڵی ئەم وڵاتە بووە کە بە کودەتا بۆ ماوەی 9 ساڵ حوکمی وڵاتەکەیی کردووە.
موشەڕەف لە بەرواری 12 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1999 نەواز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستانی بە کودەتا لە پۆستەکەی دوور خستەوە و پاشان لە ڕاپرسییەک لە 20 ی حوزەیرانی ساڵی 2001 خۆیی وەک سەرۆک کۆمار ناساند.
ناوبراو لە ئاکامدا بە هۆی هەڕەشەی پارتە نەیارەکانی لە پەرلەمان سەبارەت بە بانگهێشتکردن و دوور خستنەوەی لە پۆستەکەی، لە 18 ی ئاب ی 2008 لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وازی لە سەرۆکایەتی کۆماری پاکستان هێنا./.